رووداو دیجیتاڵ
موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ موحسن رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کۆبووەوە و رایگەیاند، گرنگە پەرە بە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و وڵاتانی دراوسێی بدرێ.
بەگوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، لە کۆبوونەوەکەدا موجتەبا خامنەیی جەختی لە کاریگەریی چوار بواری "کولتوور، سیاسەت، ئابووری و ئاسایش" کردووەتەوە و رایگەیاندووە، پێویستە هەر بڕیارێک لە هەر یەکێک لەو بوارانەدا دەدرێ، رەچاوی بوارەکانی دیکە بکرێت.
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبوونی نەخشەڕێگایەکی روونی بۆ هەر هەنگاوێک بە پێویست زانی و داوای کرد، یەکڕیزیی نیشتمانی و متمانەی نێوان خەڵک و بەرپرسان بەهێزتر بکرێت. هەروەها بە پێویستی زانی یارمەتیی سەرۆککۆمار و دەزگاکانی حکومەت بدرێت، بۆ ئەوەی کێشەکانی وڵات زووتر چارەسەر بکرێن.
موجتەبا خامنەیی ئاماژەی بە پاراستنی "ئاسایشی نیشتمانی و ناوچەیی" لە رێگەی بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز و پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش کردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا موحسین رەزایی راپۆرتێکی لەبارەی دۆخی ئێران داوەتە رێبەر و رایگەیاندووە، یەکێک لە کارەکانیان جێبەجێکردنی سیاسەتی ستراتیژیی ئێرانە بۆ "رێکخستنی سیستمی هەرێمی."
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێكدایە، گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوامە و لە دەستپێکی جەنگەکەیشەوە لە 28-02-2026 ئێران سەتان جار هێرشی کردە سەر وڵاتانی دراوسێ و نزیکی، بەتایبەتی وڵاتانی ناوچەی کەنداو.
.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)

