رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی رادەگەیێنێت، فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس رۆزڤێڵت (CVN-71) چەند رۆژێک لە سەنگاپوورە دەمێنێتەوە و دواتر بەرەو ناوچەی فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) بەڕێدەکەوێت.
رۆژی پێنجشەممە، 5ی تشرینی یەکەمی 2026، بەرپرسێکی ئەمریکایی بە ئەکسیۆسی راگەیاند، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس رۆزڤێڵت" لە سبەیەوە بۆ چەند رۆژێک بە مەبەستی لەنگەرگرتن لە سەنگافوورە دەمێنێتەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، کەشتییەکە پێش 15ی تشرینی دووەم ناگاتە ناوچەی بەرپرسیارێتیی سێنتکۆم و چەند رۆژێکی دیکەی پێ دەچێت.
ئەمە یەکەمجارە دوای دەستپێکی جەنگی ئێران لە شوباتی ئەم ساڵ، فڕۆکەهەڵگری )یو ئێس ئێس رۆزڤێڵت( بەرەو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دێت.
کەشتییەکە لە 12ی ئەیلوولی 2024 ناوچەکەی بەرەو سنووری زەریای هیندی-ئارام جێهێشتبوو. بۆ جەنگەکە، ئەمریکا کەشتیی دیکەی هێنابووە ناوچەکە، بەڵام ئەم جۆرە فڕۆکەهەڵگرەیان نەبوو.
هێنانی ئەم فڕۆکەهەڵگرە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کاتێکدایە ئاماژەی جیاواز لە کۆشکی سپییەوە هەن سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، بەتایبەت ئەگەر لایەنەکان لە دانوستاندنــەکاندا بە مەرجەکانی یەکدی رازی نەبن.
پێشتر و لە کاتی دەستپێکی جەنگەکەدا، ئەمریکا دەیان کەشتیی فڕۆکەهەڵگر، تێکشکێنەر و کەشتیی گواستنەوەی شمەکی هێنایە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەوانە )یو ئێس ئێس جۆرج واشنتن(.


