رووداو دیجیتاڵ
دوو سەرچاوەی سەربازیی سووریا و بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، سووریا لە رێگەی پێشکێشکردنی راوێژی سەربازی و راهێنانەوە هاوکاریی سعودیە دەکات لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی حووسییەکانی یەمەن، هاوکات ژمارەیەکی سنووردار لە کارمەندانی سەربازیی خۆی رەوانەی ئەو وڵاتە کردووە.
سعودیە لە مانگی تەممووزەوە رووبەڕووی هێرشی حووسییەکانی یەمەن دەبێتەوە.
بەرپرسە باڵاکەی ئەمریکا رایگەیاندووە، راوێژکاران و تیمەکانی راهێنان لە سووریاوە کە لە شەڕە درێژخایەنەکاندا ئەزموونی شەڕیان پەیدا کردووە بەرەو سعودیە بەڕێکەوتوون بۆ راهێنانی یەکە سەربازییەکانی سعودیە و هێزەکانی یەمەن لە نێو خاکی شانشینەکەدا، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی توانای شەڕکردنیان.
دوو سەرچاوە سەربازییە سووریاییەکە، کە گوایە ئاگاداری راستەوخۆی دۆسیەکەن، باسیان لەوە کردووە کە لە هەفتەکانی رابردوودا دەیان سەرباز لە سووریاوە رۆیشتوونەتە سعودیە. بە گوتەی ئەوان، ئەرکەکەیان پەیوەستە بە کاری راوێژکاری و راهێنان، بەڵام رەنگە دەسەڵات و پانتایی کارەکانیان فراوانتریش بکرێ.
دیپلۆماتێکی باڵای سووریا لەو بارەیەوە قسەی بۆ رۆیتەرز کردووە و رایگەیاندووە: "هەر لێدوانێک لەسەر هەبوونی سەربازی لەم قۆناخەدا پەلەکردنە" و گوتی، سەرنجی سەرەکیی سووریا لەسەر ئاسایشی ناوخۆ، پاراستنی سنوورەکان و ئاوەدانکردنەوەیە. بەڵام ئەو دیپلۆماتکارە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو رێککەوتننامەیەی رۆژی چوارشەممە لە بواری بەرگری لە نێوان سووریا و سعودیە واژۆ کرا، "بە دیاریکراوی پشتیوانیی راوێژکاری، راهێنان و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لەخۆدەگرێت."
هاوکات بەرپرسێکی باڵای سعودیە بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، ئاڵوگۆڕی بەردەوامی ئەزموونەکان لەگەڵ سووریا "بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ داڕشتنەوە و پێکهێنانەوەی هێزەکانی سووریایە. بەڵام ئەمە بەو مانایەش نییە کە هاوبەشە سوورییەکانمان لە رێگەی ئەزموونی شەڕکردنیان دژی میلیشیاکان یارمەتیمان نەدەن."
بەرپرسە سعودیەکە ئەوەشی خستەڕوو کە مانۆڕ و راهێنانی هاوبەش دەستیان پێکردووە و پلانی زیاتریش لە هەردوو کەرتی ئاسایش و بەرگریدا دانراون.
رۆژی چوارشەممە، لە کاتی سەردانی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ ریاز و دووەم کۆبوونەوەی لەگەڵ شازادەی جێنشین محەممەد بن سەلمان لە کەمتر لە مانگێکدا، پەیماننامەیەکی بەرگری لە نێوان هەردوو وڵات واژۆ کرا، بەڵام وردەکاریی زیاتری ئاشکرا نەکرا.
لە دوای رووخاندنی رژێمی ئەسەد لە ساڵی 2024 لەلایەن چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو کاتی سووریا بە سەرۆکایەتیی شەرع، سووریا وەک هاوپەیمانێکی نزیکی سعودیە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەرکەوتووە.


