رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە رێگەی پڕۆگرامی "خەڵات بۆ دادپەروەری" خەڵاتێکی دارایی بە بڕی تاوەکو 20 ملیۆن دۆلاری راگەیاند بۆ هەر کەسێک کە زانیاریی ورد و گرنگ لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران پێشکێش بکات.
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە رۆژی هەینی، 6ی تشرینی دووەمی 2026 بڵاوکراوەتەوە، واشنتن لە رێگەی ئەم خەڵاتەوە بەدوای دەستکەوتنی زانیارییە سەبارەت بە زانایان و کارمەندانی ئەتۆمی، تەکنەلۆژیا و توانا سەربازی و تەکنیکییە پەیوەندیدارەکان بە بەرنامەی ئەتۆمی، هەروەها ئەو دامەزراوە و رێکخراو و کەسانەی کە لەگەڵ پڕۆگرامەکەدا کاردەکەن.
لە ئاگادارییەکەدا هاتووە، هەر کەسێک زانیاری لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی، دارایی و سەرمایەکان، یان ئەو کەسانە هەبێت کە پەیوەندیدارن بەم دۆسیەیەوە، دەتوانێت لە رێگەی ئەپلیکەیشنی سیگناڵ یان لە رێگەی لینکی پارێزراو و نهێنیی تۆر لینک زانیارییەکان بنێرێ.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، پێشکێشکارانی ئەم زانیارییانە، جگە لە وەرگرتنی خەڵاتە داراییەکە، دەکرێت مافی گواستنەوەی شوێنی نیشتەجێبوون و نیشتەجێکردنی پارێزراویان لە دەرەوەی وڵات بۆ دابین بکرێ.
راگەیاندنی ئەو خەڵاتە لە کاتێکدایە، رۆژی 28ی شوباتی ئەم ساڵ ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر تەلئەڤیڤ و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە وەڵامیدانەوە.
بە گوێرەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئامانجیان لەنێوبردنی پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێران بووە و سەرکەوتوو بوون تێیدا.


