رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات، رەوشی مرۆیی لە شاری تەعیزی باشووری یەمەن خراپتر دەبێت و بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە رێگە سەرەکییەکانی گەیاندنی هاوکاری و پێداویستییە سەرەتاییەکان پچڕاون؛ هاوکات بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کارمەندێکی دەستبەسەرکراوی خۆی لەلایەن حووسییەکانەوە بە تووندی سەرکۆنە دەکات.
رۆژی سێشەممە 10-11-2026 [چوارشەممە بەکاتی هەولێر] فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە نیویۆرک رایگەیاند، نووسینگەی هاوئاهەنگیی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان (ئۆچا) هۆشداری دەدات، خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان لە تەعیز لەژێر گوشارێکی زۆردان و رێگەکانی چوونە نێو شارەکە لەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی یەمەندان داخراون، ئەمەش رێگری لە گەیشتنی هاوکارییە پزیشکی و مرۆییە بەپەلەکان دەکات.
بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سەرەتای مانگی ئابی ئەم ساڵەوە نزیکەی 330 هەزار کەس لە سەرانسەری یەمەن ئاوارە بوون، لەو ژمارەیەش پارێزگای تەعیز بە زیاتر لە 40٪ زۆرترین رێژەی ئاوارەکانی لەخۆگرتووە کە نزیکەی 140 هەزار کەسن. هەروەها بەهۆی کەمیی سووتەمەنییەوە کۆکردنەوەی پاشماوە و خاشاک لە شارەکە پەکیکەوتووە و رێکخراوەکەش لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا رۆژانە 113 هەزار لیتر ئاوی خواردنەوەی بە تانکەر بەسەر زیاتر لە حەوت هەزار خێزاندا دابەشکردووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتی سەرکۆنەی پەخشکردنی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کرد کە لەلایەن حووسییەکانەوە تۆمارکراوە و تێیدا کارمەندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ناچاری لێدوان دەدات؛ فەرحان حەق داوای لە حووسییەکان کرد دەستبەجێ گرتە ڤیدیۆییەکە بسڕنەوە، مامەڵەی مرۆییانە لەگەڵ دەستبەسەرکراوان بکەن و بەبێ هیچ مەرجێک سەرجەم کارمەندە بەندکراوەکانیان ئازاد بکەن.
گرژی و شەڕە نوێیەکان لە کەناراوەکانی رۆژئاوا و پارێزگای تەعیز، ئاگربەستە چوار ساڵییەکەی یەمەنی پەکخستووە و قەیرانە مرۆییەکەی لەو وڵاتەدا گەیاندووەتە قۆناخێکی مەترسیدار.



