رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوون و سوێندخواردنی یاسایی خولی نوێی پەرلەماندا (کنێست)، داوای پێکهێنانی "حکومەتی یەکڕیزیی نیشتمانی" کرد و هۆشداریدا لەوەی، حکومەتێکی تەسک ناتوانێت رووبەڕووی ئاڵنگارییە ئەمنییەکانی وەک ئێران و لوبنان و غەززە ببێتەوە؛ هاوکات بە تووندی هێرشی کردە سەر پارتە عەرەبییەکان و نەیارەکانی بە هەوڵدان بۆ هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەوان تۆمەتبار کرد.
رۆژی سێشەممە 10-11-2026، پەرلەمانتارانی خولی نوێی کنێست لە قودس/ئۆرشەلیم سوێندی یاساییان خوارد؛ ئەمەش دوو رۆژ دوای ئەوە دێت کە ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل بە فەرمی گادی ئایزنکۆت، سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆنی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت راسپارد، دوای ئەوەی بەرەی نەتەنیاهوو نەیتوانی زۆرینەی پێویست بەدەستبهێنێت.
نەتەنیاهوو لە گوتارەکەیدا گومانی خستەسەر رەوایەتیی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و لایەنە عەرەبییەکانی بە "دزینی هەڵبژاردن" و وەرگرتنی پارەی بێگانە تۆمەتبار کرد و داوای لێکۆڵینەوەی کرد، ئەمەش وایکرد نەفتالی بێنێت، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل لە نێو هۆڵەکەوە دەنگی بەرزبکاتەوە و پێی بڵێت: "ئەی لێکۆڵینەوەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر چی لێهات؟"
سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری ئیسرائیل لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا رەخنەی لەو پارتە ئۆپۆزیسیۆنانە گرت کە هەوڵی هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی عەرەبیی (رەعەم) بە سەرۆکایەتیی مەنسوور عەباس دەدەن و رایگەیاند، ناکرێت لەگەڵ "لایەنگرانی تیرۆر" ئەرکە سەربازییەکان لە ئێران، لوبنان، غەززە، سووریا و کەرتی رۆژئاوا یەکلایی بکرێنەوە.
لە بەرامبەردا، گادی ئایزنکۆت کە ئەرکی پێکهێنانی حکومەتی پێسپێردراوە رایگەیاند، ئامانجی ئەو پێکهێنانی حکومەتێکە کە هەموو هاووڵاتییانی ئیسرائیل متمانەی پێبکەن، نەک تەنیا نوێنەرایەتیی چەند لایەنێکی دیاریکراو بکات و گوتی: "بە پابەندبوونێکی تەواوەوە، کار بۆ سەرجەم هاووڵاتییانی ئیسرائیل دەکەین؛ چ ئەوانەی دەنگیان پێداوین یان دەنگیان پێمان نەداوە."
نەتەنیاهوو تاوەکو متمانەدان بە کابینەی نوێ وەک سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر دەمێنێتەوە و سەرجەم دەسەڵاتە ئەمنییەکان، لەوانەش ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بە دەست ئەوەوە دەبن.



