رووداو دیجیتاڵ
وەرگێڕان: بژار زوبێر
موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەرایەتیی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە باس لەوە دەکات، لە ساڵانی سەرەتای ململانێی سووریا، بەرپرسانی تورکیا هەوڵیاندا پشتیوانیی یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگە بۆ رووخاندنی حکومەتی دیمەشق بەدەستبهێنن، بەڵام شکستیان هێنا. ئاشکراکردنی ئەم نهێنییە، شتێکی چاوەڕوان نەکراو بوو، چونکە تورکیا یەپەگە بە رێکخراوێکی تیرۆریستی دەزانێت و چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە دژی کردووە.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ستێرک تیڤی، تەلەڤیزیۆنی سەر بە پەکەکە، کە رۆژی پێنجشەممە پەخش کرا؛ موراد قەرەیلان، فەرماندەی باڵای پەکەکە گوتی، تورکیا لە ساڵی 2013 ئامادەیی دەربڕی هەموو شتێک بە یەپەگە بدات، ئەگەر پارتە کوردییەکە یارمەتیی ئەنقەرە و گرووپە چەکدارە سوورییەکانی نزیکی دابا بۆ لەکارلادانی حکومەتی بەشار ئەسەد.
ئەنقەرە لە سەرەتای ململانێی سووریاوە، پشتیوانێکی سەرەکیی گرووپە چەکدارەکانی دژبەری بەشار ئەسەد بووە.
قەرەیلان ئاماژەی بەوە کرد، "ئەوکاتە، دەوڵەتی تورک داوای لە کورد کرد شەڕی دیمەشق بکەن. دەزانم کە ئەوان گوتیان: 'ئەگەر ئێوە قامشلۆ و دەروازە سنوورییەکەی ئەو شارە، کە دەکەوێتە سەر سنووری تورکیا، کۆنترۆڵ بکەن، ئەوا هەموو شتێکتان پێدەدەین. دواتر بڕۆن بۆ شێخ مەقسوود لە حەلەب [کە گەڕەکێکی زۆرینە کوردنشینە] و شەڕی رژێم بکەن بۆئەوەی حەلەب وێران ببێت. ئەوان دەیانویست حەلەب وێران بکەن بۆئەوەی بتوانن بەرەو دیمەشق بڕۆن."
ئەو فەرماندەی پەکەکە باسی لەوەش کردووە، "کورد ئەمەی قبووڵ نەکرد. سوور بوو لەسەر ئەوەی شەڕی سووریا نەکات، ئەگەرنا سووریا وێران دەبوو."
بە گوتەی قەرەیلان، ئەوە یەکێک بوو لەو هۆکارانەی وای لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کرد، کە ئەوکات سەرۆکوەزیران بوو، سیاسەتی خۆی بەرامبەر یەپەگە بگۆڕێت، کە پێشتر پەیوەندیی دۆستانەی لەگەڵ ئەنقەرەدا هەبوو.
ساڵح موسلیم، هاوسەرکی پارتی یەکێتیی دیموکرات - پەیەدە، باڵی سیاسیی یەپەگە، بووە بابەتی مانشێتی میدیاکان کاتێک هاوینی 2013 سەردانی ئەنقەرەی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای تورکیا کۆبووەوە. ئەوکات، بە میدیای فەرمیی تورکیای گوت، "دۆستی تورکیاین و پەیوەندییەکانمان بۆ ئێمە گرنگن." باسی لەوەش کرد، پەیوەندیی باشیان لەگەڵ ئەو گرووپە سووریانەدا هەیە، کە ئەنقەرە پشتیوانییان دەکات و دەیانەوێت باشتریشیان بکەن.
میدیای تورکیا لە زاری ئەحمەد داودئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی تورکیا بڵاویکردەوە، ئەو پەیامەی ساڵح موسلیم بە رای گشتیی داوە، "لەگەڵ بنەماکانی تورکیا دەگونجێت."
بەڵام دواتر پەیەدە و ئەنقەرە لەسەر پرسی سووریا نەگەیشتنە رێککەوتن و بوونە دووژمنی سەرسەختی یەکدی. لەدوای ساڵی 2016وە تورکیا سێ جار لەشکرکێشیی گەورەی دژی یەپەگە کردووە، بە پشتیوانیی هێزە سوورییە نزیکەکانی، شارە گرنگەکانی وەکو عەفرینی داگیرکردووە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە یەپەگە بە بڕبڕەی پشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە دادەنرێت کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێت. ئەنقەرە بەڵێنی داوە رێگە بە دروستبوونی هیچ قەوارەیەکی خۆبەڕێوەبەریی کوردی لە سووریا نەدات و هەڕەشەی لەشکرکێشیی چوارەمیش دەکات. ساڵح موسلیمیش ئێستا لە ریزی سەرەوەی "لیستی تیرۆر"ی تورکیادا دێت.
ئەنقەرە یەپەگە بە لقی سووریای پەکەکە دادەنێت، ئەو پارتە کوردە باکووریەی کە تورکیا لە ساڵی 2013وە لەگەڵیدا لە گفتوگۆی ئاشتیدا بوو تاوەکو ئەو کاتەی لە ساڵی 2015 هەرەسیان هێنا. قەرەیلان ئاماژەی بەوە کرد، پێڤاژۆی ئاشتی رێگەی بۆ گفتوگۆی نێوان ئەنقەرە و یەپەگە خۆش کردبوو.
هیچ یەک لە ئەنقەرە و یەپەگە قسەیان لەسەر دەستپێشخەریی پێکەوە کارکردن نەکردووە. جەنگیز جاندار، نووسەر و رۆژنامەڤانی تورک لە پەرتووکەکەیدا بە ناونیشانی "ئەرکە ئەستەمەکەی تورکیا: جەنگ و ئاشتی لەگەڵ کورد" دەڵێت، لە ئاداری 2011 لەنێو فڕۆکە تایبەتەکەی ئەردۆغاندا بووە کاتێک لە هەولێرەوە رۆشتووە بۆ ئەنقەرە، کاتێک کە سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی تورکیا پێی گوتووە، دەیەوێت خۆی لە دروستبوونی هەر گرژییەک بە درێژایی سنووری سووریا بەدووربگرێت بۆئەوەی رێگە لە دروستبوونی شەپۆلی پەنابەران بگرێت.
گوایە ئەردۆغان بە رۆژنامەڤانەکەی گوتبوو، "ناتوانین رێگەبدەین لێشاوێکی پەنابەرانی هاوشێوەی ئەوانی ساڵی 1991ی باکووری عێراق دووبارە روومان تێبکاتەوە. ناتوانین هێڵەکانی بەرگریمان لەنێو خاکی خۆماندا دابنێین." هەروەها باسی لەوەش کردبوو، چەندین جار بە ئەسەدی گوتووە، "ئەگەر دەست بە چاکسازی نەکەیت، خەڵکەکە لەدەستدەدەیت."
هەسەدە بە سەرکردایەتیی یەپەگە بەشێکی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریای کۆنترۆڵکردووە و نزیکەی هەزار سەربازی ئەمریکی لەوێ یارمەتیی هێزە زۆرینە کوردییەکە دەدەن لە شەڕی دژی داعشدا.
ئەردۆغان کە پێشتر داوای لە ئەسەد کردبوو دەستلەکاربکێشێتەوە و بە "دیکتاتۆر" ناویبردبوو، ئێستا دەیەوێت لە دیمەشق نزیک ببێتەوە، هەنگاوێک کە بە زۆری بە هەوڵێک بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندیی دەنگدەرانی تورکیا و باکووری کوردستان لەپێش هەڵبژاردنە سەرۆکایەتی و پەرلەمانییەکانی داهاتوو، لێکدەدرێتەوە. لە کاتێکدا کە خواستێکی بەهێز لە تورکیا دروستبووە بۆ گەڕاندنەوەی ملیۆنان پەنابەری سووریا بۆ وڵاتەکەیان.
لەم چەند مانگەی رابردوودا، سەرۆکی تورکیا چەندین جار گوتوویەتی، دەیەوێت لەگەڵ هاوتا سوورییەکەی کۆببێتەوە، بەڵام بەشار ئەسەد بە گومانەوە لە نزیکبوونەوەی ئەنقەرە دەڕوانێت. بەم دواییانە، چەند گەڕێکی گفتوگۆ لەسەر ئاستی باڵا لەنێوان ئەنقەرە و دیمەشق بە نێوەندگیریی رووسیا کران.
مانگی رابردوو، ئەسەد بە ئەلێکساندەر لاڤریێنتێڤ، نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتیی رووسیا بۆ سووریای راگەیاند، بۆئەوەی کۆبوونەوەکان "بەرهەمداربن و سێ وڵاتەکە بگەنە ئامانجی بەرچاو،" پێویستە کۆبوونەوە سێقۆڵییەکان لەسەر "بنەمای مەرج و پلانی پێشوەختی سووریا و مۆسکۆ" بن.
سەرۆکی سووریا هەروەها گوتی، پێویستە "داگیرکاری و تیرۆر" کۆتایی پێبهێندرێت، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ داگیرکردنی خاکی سووریا لەلایەن تورکیا بە پشتیوانیی گرووپە سوورییە چەکدارەکان کە دیمەشق بە "تیرۆرست" دەیانبینێت.
کرانەوەی ئەنقەرە بەڕووی دیمەشقدا لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا بە تووندی سەرکۆنە کراوە و خەڵکی ئەو ناوچانە بە خۆپێشاندان هەموو رێککەوتنێکیان لەگەڵ ئەسەد رەتکردەوە. ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەوان پشتیوانی لەو دانوستاندنانە ناکەن و کوردانی رۆژئاوای کوردستانیش لەو پەیوەندییانە بە گومانن.
قەرەیلان لە دوایین هەڤپەیڤینی خۆیدا هۆشداریی دا لەوەی، ئەسەد کارێکی هەڵە دەکات ئەگەر بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەردۆغان رازی ببێت. قەرەیلان پێیوایە، تاکە ئامانجی ئەردۆغان پاراستنی کورسییەکەیەتی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، کە بڕیارە نێوەڕاستی ئایار بەڕێوەبچن.
ئەو فەرماندەی پەکەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، "حکومەتی دیمەشق نابێت هەرگیز بکەوێتە هەڵەوە. بەشار ئەسەد نابێت هەڵە بکات. سەیری مێژوو بکەن. بۆچی بەڕێز حافز ئەسەد بۆ ماوەیەکی درێژ لە دەسەڵاتدا مایەوە؟ بەهۆی پشتیوانیی فەرمی و نافەرمیی کوردەوە بوو."
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش هەوڵیداوە دانوستاندن لەگەڵ دیمەشقدا بکات، بەڵام گفتوگۆکان وەستاون.

