رووداو دیجیتاڵ
درەوشانەوە لەنێو یاریگاکانی وەرزشدا، دەرگای گەورەترین بازاڕی بازرگانی لە چین بەڕووی ئەستێرەکاندا دەکاتەوە، بەڵام تەنیا یەک لێدوان یان دەربڕینی هەڵوێستێکی سیاسی لەو وڵاتەدا، بەسە بۆ لەناوبردنی سەرجەم دەستکەوتە داراییەکان و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ملیۆن دۆلاری، کە نوێترینیان کێشەکەی کیلیان ئێمباپێیە لەگەڵ کۆمپانیا چینییەکان.
چین بازاڕێکی گەورەی ئابوورییە لە هەموو جیهاندا، وڵاتەکە بەهۆی زۆریی ژمارەی دانیشتووان و گەورەیی چالاکییە ئابووریی و بازرگانییەکانەوە، بووەتە سەرچاوەی داهات و بزنسێکی گەورە بۆ ئەستێرەکانی بوارە جیاوازەکان، بەڵام هەموو ئەو پارەیەی لە چینەوە دەگاتە دەستی ئەستێرەکان، زۆرجار پەیوەستە بەبێدەنگبوون لە ئاست رووداوە جیهانییەکان، هەروەها خۆپاراستن لەهەر جۆرە لێدوانێک.
ئەو رووداوی سزادان و بایکۆتکردنەی چنییەکان بەرامبەر کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی گرتوویانەتە بەر، کە بەپێی هەندێک سەرچاوە، کیلیان نزیکەی 7 ملیۆن یۆرۆی لەدەستداوە، پێشتر بەرامبەر چەندین ئەستێرە و یاریزانی دیکە روویانداوە.
کێشەکەی کیلیان
کیلیان ئێمباپێ، هێرشبەری فەرەنسی یانەی ریال مەدرید، لە پۆدکاستێکدا باسی لە وێنەیەکی تەنزئامێزی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کرد، کە رووخساری لەسەر جەستەی ماو تسی تۆنگ، دامەزرێنەری کۆماری میللیی چین دانرابوو، بە پێکەنینەوە باسیکرد و گوتی "دکتاتۆری چینی". ئەم لێدوانە راستەوخۆ کاردانەوەی تووندی لە چین لێکەوتەوە و سێ کۆمپانیای گەورەی چینی (دۆنگپێنگ، مێنگنیو و میلک گراوند) بە فەرمی هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گرێبەستە سپۆنسەرییەکانیان، لەگەڵ ئەو ئەستێرەیە راگەیاند. هاوکات کۆمپانیای سویسریی 'ئۆن' کەرەستە ریکلامییەکانی ئێمباپێی لە پلاتفۆڕمە چینییەکان سڕییەوە.
لەلایەکی دیکەوە، تەلەڤزیۆنی فەرمیی چین، پەخشی یارییەکانی لالیگا و ریکلامەکانی ئێمباپێی راگرت و فیدراسیۆنی تۆپی پێی چین، ناڕەزایەتی فەرمی ئاراستەی ریال مەدرید کرد، هەروەها وەزارەتی دەرەوەی چینیش هۆشداریدا، لە بریندارکردنی هەستی نیشتمانیی خەڵکی وڵاتەکەی. لە بەرامبەر ئەم گوشارە گەورانەدا، ئێمباپێ بە سێ زمانی فەرەنسی، چینی و ئینگلیزی، داوای لێبوردنی فەرمی کرد و رایگەیاند مەبەستی بێڕێزیکردن نەبووە، دەستەی لالیگاش داوای لێبوردنی لە هاندەرانی چینی کرد و لێدوانەکانی بە هەڵوێستی تایبەتی یاریزانەکە ناوبرد.
مەسعود ئۆزێل
مەسعود ئۆزێل، ئەستێرەی پێشووی یانەی ئارسیناڵ، لە مانگی 12ـی 2019 رەخنەی تووندی لە سیاسەتی دەسەڵاتدارانی چین، بەرامبەر کەمینەی موسڵمانی ئۆیگور لە هەرێمی شینجیانگ گرت و بێدەنگیی جیهانی ئیسلامیی شەرمەزار کرد. راستەوخۆ تەلەڤزیۆنی فەرمیی چین پەخشی یاریی ئارسیناڵ و مانچێستەر سیتی هەڵوەشاندەوە، ناوی ئۆزێل لە یارییە ئەلیکترۆنییەکانی کۆمپانیای 'نێت ئیز' لە چین سڕدرایەوە و گرووپەکانی هاندەرانی لە پلاتفۆڕمی بایدۆ داخران. ئارسیناڵ بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی، خۆی لە لێدوانەکانی ئۆزێل بەدوور گرت و رایگەیاند یانەکە بێلایەنیی سیاسی دەپارێزێت.
داریل مۆری و قەیرانی خولی باسکەی ئەمریکا
لە مانگی 10ـی 2019، داریل مۆری، بەڕێوەبەری پێشووی یانەی هیوستن رۆکێتس، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وێنەیەکی بە دروشمی "لە پێناو ئازادیدا بجەنگن.. هاوسۆز بن لەگەڵ هۆنگ کۆنگ" بڵاوکردەوە. سەرەڕای سڕینەوەی پۆستەکە، فیدراسیۆنی باسکەی چین پەیوەندییەکانی لەگەڵ هیوستن راگرت و سپۆنسەرە گەورەکانی چین گرێبەستەکانیان هەڵپەسارد.
تەلەڤزیۆنی فەرمیی چین بۆ ماوەی ساڵێک پەخشی خولی NBAـی راگرت، کە ئادەم سیلڤەری سەرۆکی خولەکە زیانەکانی بە سەدان ملیۆن دۆلار خەمڵاند بەر لەوەی لە ساڵی 2022 پەخشەکە ئاسایی ببێتەوە.
ئینێس فریدۆم و دۆسیەی تبت
ئینێس کانتەر، یاریزانی پێشووی یانەی بۆستن سێڵتیکس، لە مانگی 10ـی 2021 رەخنەی لە سیاسەتەکانی چین بەرامبەر دانیشتووانی تبت گرت و شی جینپینگی سەرۆکی، بە دکتاتۆر ناوبرد، هەروەها لە یارییەکی فەرمیدا پێڵاوێکی لەپێکرد کە دروشمی 'تبت ئازاد بکەن'ی لەسەر بوو. بەهۆی ئەم هەڵوێستەوە، پلاتفۆڕمی تێنسێنت پەخشی یارییەکانی بۆستن سێڵتیکسی راگرت و ناوی یاریزانەکە لە بزوێنەری گەڕانی وێبۆ بە تەواوی سانسۆر کرا.
جۆن سینا و سەربەخۆیی تایوان
جۆن سینا ئەستێرەی زۆرانبازی و سینەمای ئەمریکی، لە مانگی 5ـی 2021 لە کاتی ناساندنی فیلمی "فFast & Furious 9" لە کەناڵێکی تایوانی، تایوانی وەک "دەوڵەت" ناودێر کرد. بەهۆی تووڕەیی تووندی شەقامی چینی بەرامبەر بە دەوڵەتناساندنی تایوان، سینا ناچاربوو گرتەیەکی ڤیدیۆیی بە زمانی چینی تۆماربکات و داوای لێبوردن لە گەلی چین بکات بە مەبەستی پاراستنی داهاتی فیلمەکەی لە سینەماکانی ئەو وڵاتەدا، کە کاردانەوەی زۆری لە میدیاکانی ئەمریکاش دروستکرد.
ئەم نموونانە دەیسەلمێنن کە هێزی ئابووری و بازاڕی بەرفراوانی چین، توانایەکی گەورەی هەیە لە سەپاندنی سزای دارایی و راگرتنی مافی پەخشی تەلەڤزیۆنی، بەجۆرێک ئەستێرە و دامەزراوە وەرزشییەکان دەخاتە بەردەم هاوکێشەیەکی ئاڵۆز، لەنێوان ئازادیی دەربڕین و پاراستنی سەرمایە و گرێبەستە گەورەکانیان.




