رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا هۆشدارییەکی تووندی ئاڕاستەی فەڕەنسا و قوبرسی یۆنانی کرد، دوای ئەوەی هەردوولا رێککەوتننامەی (SOFA) بۆ دیاریکردنی پێگەی هێزە سەربازییەکان واژۆ کرد. ئەنقەرە ئەم هەنگاوەی بە پێشێلکردنی رێککەوتننامەکانی ساڵی 1960ی قوبرس و یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوبرد و رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی تورکیا ئامادەن بۆ پێدانی توندترین وەڵام دژی هەر هەڵوێستێکی دوژمنکارانە کە هەڕەشە لە ئاساییشی تورکەکانی قوبرس بکات.
زەکی ئاکتورک، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی نیشتمانیی تورکیا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی
وەزارەتەکە لە ئەنقەرە، پەیامی تووندی تورکیا دژی ئەم رێککەوتننامە راگەیاند کە لە لایەن وەزیرانی بەرگریی فەڕەنسا و قوبرسی یۆنانییەوە واژۆ کراوە. ئاکتورک رایگەیاند، کە ئەم رێککەوتننامەیە رێگە بە هێزە سەربازییەکانی فەڕەنسا دەدات، کە بنکە سەربازییەکان و ژێرخانی بەرگریی بەشی باشووری قوبرس بەکاربهێنن، ئەمەش بوونی سەربازیی فەڕەنسا لە دەریای ناوەڕاستی رۆژهەڵاتدا بەرفراوانتر دەکات.
گوتەبیژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، فەڕەنسا هیچ پێگەیەکی یاسایی لە چوارچێوەی (رێککەوتننامەی دەستەبەریی ساڵی 1960) لە دوورگەکەدا نییە؛ کە بەپێی ئەو رێککەوتننامەیە جێگیرکردنی هەر هێزێکی سەربازیی بیانی بە هەمیشەیی یان کاتی لە دوورگەی قوبرسدا بەبێ رەزامەندیی پێشوەختەی هەر سێ وڵاتی دەستەبەر (تورکیا، یۆنان و بەریتانیا) نایاساییە و رەوایەتی نییە. ئەم هەنگاوە تاکلایەنەیە کە مافە سەروەرییەکانی تورکەکانی قوبرس پشتگوێ دەخات، دەکرێت دەرئەنجامی مەترسیداری بۆ باشووری دوورگەکە لێبکەوێتەوە.
ڕێککەوتننامەی SOFA لە نێوان فەڕەنسا و قوبرسی باشوور لە کاتی سەردانەکەی سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لە 23 نیسانی 2026دا دانوستاندنی لەسەر کرابوو، لە 8ی حوزەیرانی 2026 واژۆ کرا. ئەم رێککەوتننامەیە رێگە بە جێگیرکردنی هێز و کەرەستە سەربازی و مافی بەکارهێنانی بنکە ئاسمانی و دەریاییەکانی قوبرسی باشووری بە فەرەنسا پێدەبەخشێت بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە دەریای ناوەڕاستی ڕۆژهەڵات و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
قوبرس لە ساڵی 1974ەوە پاش دەستێوەردانی سەربازیی تورکیا (کە وەک وڵاتی دەستەبەر بەپێی رێککەوتننامەکانی 1960 بەشداری کرد بۆ رێگری لە لکاندنی دوورگەکە بە یۆنانەوە)، بەسەر دوو بەشدا دابەش بووە: بەشی باشووری یۆنانی (کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپاوە دەناسرێت) و بەشی باکووری تورکی (کە تەنیا لە لایەن ئەنقەرەوە دانی پێدانراوە).
لە ساڵانی رابردوودا، دۆزینەوەی سەرچاوەکانی گازی سروشتی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و گۆڕانی هاوسەنگییە ئەمنییەکانی ناوچەکە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، وایکردووە هێزە نێودەوڵەتییەکانی وەک فەڕەنسا هەوڵی چڕکردنەوەی پێگەی سەربازیی خۆیان بدەن لە رێگەی هاوپەیمانی لەگەڵ یۆنان و قوبرسی باشووردا. ململانێی دوورگەی قوبرس و رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستی لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2026دا چووەتە قۆناخێکی نوێی گرژیی نێودەوڵەتییەوە.


.jpg&w=3840&q=75)
