رووداو دیجیتاڵ
سەدییە سویەر، هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانیی قوڵپی ئامەدی باکووری کوردستان، بەهۆی سزای دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردن بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە سەرۆککۆمار"، کاتێک بۆ واژۆ چووە دادگەی ئەنتاڵیا، دەستگیرکرا و رەوانەی زیندان کرا.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا کە ساڵی 2014 بەڕێوەچوو، سەدییە سوئەر لەسەر لیستی پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە) وەک هاوسەرۆکی شارەوانیی ناوچەی قوڵپ هەڵبژێردرا.
بەهۆی گوتارێکەوە کە لەو کاتەی سەرۆکشارەوانی بوو پێشکێشی کرد، تۆمەتی سووکایەتیکردن بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای درایە پاڵ.
لە دادگەی سزای قوڵپ دۆسیەی لەسەر کرایەوە و سزای دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.
دۆسیەکە لەسەر سکاڵای فاتیح دولگەرئۆغڵو، قایمقامی قوڵپ کرابووەوە کە لە شوێنی مەتین دینار، سەرۆکی لەکارلادراوی شارەوانی لە پشکی دەبەپە وەک قەیووم دانرابوو.
دولگەرئۆغڵو بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی شارەوانیدا سویەر تەوقەی لەگەڵدا نەکردووە و لەبارەی سەرۆککۆماریش وشەی "دووڕوو"ی بەکارهێناوە.
پۆلیس بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە ماڵباتی سەدییە سویەرەوە کردبوو کە لە ئەنتاڵیا دەژین و پێی راگەیاندبوون کە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە و پێویستە بۆ واژۆکردن بچێتە دادگە.
سویەر بە مەبەستی واژۆکردن چووە دادگەی ئەنتاڵیا، بەڵام دەستگیرکرا و رەوانەی زیندان کرا.
دوای ئەوەی رۆژی 5-1-2017 لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە قەیووم لە شوێنەکەی دانرا و دەستگیرکرا، سەدییە سویەر بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخراو" و "پڕوپاگەندەکردن بۆ رێکخراو" لە هەشتەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد دادگەیی کرا و بۆ ماوەیەک لە زینداندا مایەوە.
سوئەر دوای پەسندکردنی پاکێجی نوێی چاکسازیی دادوەری، رۆژی 2-11-2019 ئازادکرابوو.


