رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەیاسای پەسندکردنی رێککەوتنی مەککە، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیادا پەسند کرا. لە پەرلەمان کە 592 پەرلەمانتاری هەیە، 398 پەرلەمانتار دەنگیان دا. پڕۆژەکە بە 279 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 119 دەنگی نەخێر پەسند کرا.
شەوی رابردوو، 5ـی تشرینی دووەمی 2026، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیادا، گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاسای (رێککەوتنی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش لەنێوان کۆماری تورکیا، کۆماری ئیسلامیی پاکستان و شانشینی عەرەبستانی سعودیە) کرا، کە لە 7ی ئابی 2026 واژۆ کرابوو. بەپێی رێککەوتنەکە، هەر هێرشێکی چەکداریی دەرەکی بۆ سەر هەر یەکێک لە لایەنەکان، بە هێرش بۆ سەر هەموو لایەنەکان دادەنرێت.
لە کۆبوونەوەی 4ـی مانگدا، مادەی یەکەمی پڕۆژەیاساکە کە لە سێ بڕگە پێکدێت و تایبەتە بە پەسندکردنی رێککەوتنەکە، پەسند کرابوو. دوای ئەوە بریکاری سەرۆکی پەرلەمان لە فراکسیۆنی مەهەپە، پشوویەکی راگەیاند و دواتر کۆبوونەوەکە کۆتاییهات.
لە کۆبوونەوەی 5ـی مانگدا، دوو مادەکەی دیکەی پڕۆژەکە گفتوگۆیان لەسەر کرا و دواتر دەنگدانی ئەلیکترۆنی بەڕێوەچوو و پەسند کرا. لە کۆی 398 دەنگ، 279 دەنگی بەڵێ و 119 دەنگی نەخێر هەبوو. هیچ دەنگێکی بێلایەن، بەتاڵ یان پووچەڵکراوە نەبوو.
بەپێی رێککەوتنی مەککە، ئامانجەکان بریتین لە بەهێزکردنی دیالۆگی ستراتیژی و کولتووری کارکردنی پێکەوەیی لەسەر بنەمای متمانەی دوولایەنە لەنێوان وڵاتانی ناوچەکە، دامەزراندنی تێگەیشتنێکی ئەمنی لەسەر بنەمای هاوکاری و رێگریی بەکۆمەڵ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەرەوەی، هەروەها دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی ناوچەکە لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە.
لایەنەکان پابەند دەبن بە هاوکاریکردن بۆ پاراستنی سەربەخۆیی، یەکپارچەیی خاک و سەروەریی یەکدی. هەروەها پشتگیری لە یەکدی دەکەن لە چوارچێوەی مافی بەرگریی رەوا کە لە پەییماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، ئەمەش لە رێگەی گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو، لەمانەش جێگیرکردنی هێزی سەربازی، بەپێی دەستوور و یاسا نیشتمانییەکانیان.
جێبەجێکردنی بڕگەی بەرگریی بەکۆمەڵ بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی نابێت، بەڵکو لەسەر بنەمای ئەو بڕیارانە دەبێت کە دوای راوێژ و بە رەزامەندیی هەموو لایەنەکان دەدرێن.
رێککەوتنەکە، ئامانجی بەهێزکردنی بەرگری و ئاسایشی وڵاتانی ئەندامە لە بەرامبەر هەڕەشە و هێرشەکان، لەنێویاندا تیرۆر، لەسەر بنەمای رێگریی بەکۆمەڵ. هەروەها ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاری و هاوئاهەنگییە لەنێوان هێزە چەکدارەکانی لایەنەکان و قووڵکردنەوەی هاوکارییە لە بواری پیشەسازیی بەرگریدا. لە پاساوی گشتیی رێککەوتنەکەدا هاتووە کە رێککەوتنەکە تەنیا بۆ مەبەستی بەرگرییە و هیچ وڵاتێک ناکاتە ئامانج.



