رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەڵێ، پڕۆسەی چارەسەری قورسترین پرسی مێژووی کۆماری تورکیا بووە و دەبێتە گرنگترین پڕۆژەی سەتەی دووەمی کۆمارەکەش؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "دەرەنگ یان زوو، سەریدەخەین."
ئەمڕۆ هەینی 6ی تشرینی دووەمی 2026 نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە رێوڕەسمی کردنەوەی ساڵی نوێی خوێندنی ئەکادیمیی لە زانکۆی ئینۆنو لە شاری مەڵەتیی باکووری کوردستان باسی لە پرۆسەی چارەسەری کرد.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گوتی، "ئێمە ئارامیی ناوخۆی خۆمان لە ئاسایشی دراوسێکانمان جیانەکردەوە. بۆ ئەوەی ئاشتی و ئارامی لەم ناوچەیەدا بچەسپێت، پێویستە هەموو گەلان لە ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانیدا بژین."
کورتوڵموش باسی لەوە کرد کە هۆکاری سەرکەوتنی پرۆسەکە لەم قۆناخەدا بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێتەوە و گوتی، "بۆ یەکەمجار لەم پرسەدا، ژیریی دەوڵەت و ویژدانی گەل یەکیان گرت. هەروەها پەکەکە، بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا ویستی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی ناسنامەی رێکخراوەیی خۆی نیشان داوە."
کورتوڵموش پرۆسەی چارەسەریی بە "مۆدێلی تورکیا" ناوبرد و رایگەیاند، ئەم مۆدێلە جیاوازە لە هەموو نموونەکانی دیکەی چارەسەریی ناکۆکی لە جیهاندا و لەو بارەیەوە گوتی، "وەک کەسێکی ئەکادیمی و کەسێک کە لە سەرەتاوە لەنێو بابەتەکەدام، دەڵێم پرۆسەیەک بەڕێوەدەبەین کە لە داهاتوودا لە زۆرێک لە زانکۆکانی جیهان لە بواری چارەسەریی ناکۆکییەکاندا وەک وانە دەخوێندرێ."
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گوتی، ئەم پرسە، پرسێکی نیشتمانییە و لە سەرووی سیاسەتی حیزبییەوەیە و تەنها هی پارتێک یان دوو پارت نییە.
کورتوڵموش جەختی لەوە کردەوە کە هیچ پێشهاتێک کە "شانازیی تورک و شکۆی کورد" بە بنەما نەگرێت، لە تورکیا ئەنجامی نابێت و گوتی، "چارەنووسی تورک و چارەنووسی کورد گرێدراوە."
کورتوڵموش ئاماژەی بە پێشهاتەکانی سووریا و عێراقیش کرد و گوتی، "بە خۆشحاڵییەوە دەبینین کە هەنگاوی بەردەوام لە وڵاتانی دراوسێمان، بەتایبەتی سووریا و عێراق، بۆ چەکداماڵین و دابینکردنی ئارامیی ناوخۆیی دەستیپێکردووە. پرۆسەی تێکەڵبوونی پەیەدە/یەپەگە لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا بە سەرکەوتوویی بەڕێوەدەچێت."
کورتوڵموش هیوای خواست لە داهاتوویەکی نزیکدا شەڕی نێوان سوپای وڵاتەکەی و گەریلاکان بە یەکجاری کۆتایی پێبێت و تەنیا وەک "یادەوەرییەکی مێژوویی" بمێنێتەوە.




