رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پێشووی کاروباری خێزان و سیاسەتە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکدا لەسەر گەندەڵیی دارایی، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخراوی تاوانکاری" و "پێشێلکردنی یاسای بازاڕی سەرمایە" دەستگیرکرا. هاوکات هاوسەرەکەی و سەرۆکی پێشووی دەستەی بازاڕی سەرمایە بە مەرجی کۆنترۆڵی دادوەری ئازاد کران.
درەنگانی ئێوارەی پێنجشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2026، دادگەی سوڵح و سزای ئەنقەرە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ فاتمە بەتول سایان کایا، یاریدەدەری پێشووی سەرۆکی ئاکپارتی و وەزیری پێشووی کاروباری خێزان و سیاسەتە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا دەرکرد.
هاوکات ئیلیاس کایای هاوسەری و ئیبراهیم عومەر گۆنول، سەرۆکی پێشووی دەستەی بازاڕی سەرمایە، بە مەرجی کۆنترۆڵی دادوەری ئازاد کران، کە بریتییە لە واژۆکردنی هەفتانە و قەدەخەکردنی چوونەدەرەوە لە وڵات.
لێکۆڵینەوەکە لەلایەن نووسینگەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی سپیکردنەوە و پارەدارکردنی تیرۆر لە سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماریی ئیستەنبووڵ بەڕێوەدەچێت و تایبەتە بە مامەڵە گوماناوییەکان لە بازاڕەکانی سەرمایەدا کە لە مانگی ئاب-ئەیلوولی ئەمساڵ دەستیپێکردووە. فاتمە بەتول کایا لە مامەڵەی گوماناوی لە کڕین و فرۆشتنی پشکی کۆمپانیاکان و پەیوەندی لەگەڵ گرووپەکانی وەبەرهێنان لە بۆرسە تێوەگلاوە.
کایا لەگەڵ دەستپێکی دۆسیەی "گەندەڵیی سندووقی وەبەرهێنان"ـەوە ناوی ئاشکرا بوو کە لە ئەیلوولی 2026دا سەریهەڵدا. دوای ئەو تۆمەتانە، لە 27ـی ئەیلوولی 2026 دەستی لە پۆستەکانی نێو ئاکپارتیدا کێشایەوە، کە جگە لە یاریدەدەری سەرۆکی پارتەکە، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی پارتەکەش بوو.
کایا و هاوژینەکەی بە گشتی بە نزیکەی 163 ملیۆن و 46 هەزار لیرەی تورکی (3.2 ملیۆن دۆلار) وەبەرهێنانیان لە پشکەکانی بۆرسەدا کردبوو، لە بەرامبەردا کۆی گشتیی داهاتیان 2 ملیار و 170 ملیۆن لیرەی تورکی (نزیکەی 43.4 ملیۆن دۆلار) بووە. دوای دەستلەکارکێشانەوەی، کایا بە ویستی خۆی بڕیاری گەڕاندنەوەی 40 ملیۆن دۆلاری دابوو. ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا پێشتر رایگەیاندبوو: "ئەوەی بە ویستی خۆی پارە دەگەڕێنێتەوە، مانای ئەوە نییە کە دۆسیەکەی لە رووی یاساییەوە لەسەر لادەچێت."
دۆسیەی گەندەڵی لە سندووقی وەبەرهێنان چییە؟
ئەمە پرۆسەیەکی لێکۆڵینەوەی دادوەری و کارگێڕییە کە دوای قەیرانی بازاڕی سەرمایە و سندووقەکانی وەبەرهێنان لە ئاب-ئەیلوولی 2026 لە تورکیا سەریهەڵدا. دەستەی بازاڕی سەرمایە، بەهۆی دەستنیشانکردنی پێشێلکارییەوە، 131 سندووقی وەبەرهێنانی سەر بە 7 کۆمپانیای لە کڕین و فرۆشتنی پشکەکانی راگرت و خستنییە نێو پرۆسەی هەڵوەشاندنەوە.
قەیرانەکە کاریگەریی لەسەر زیاتر لە 455 هەزار وەبەرهێنەری تاک هەبووە و قەبارەی سندووقەکانیش 800 ملیار لیرەی تورکی تێپەڕاندووە کە دەکاتە زیاتر لە 16 ملیار دۆلار. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 120 کەس بە تۆمەتی تێوەگڵان لەو دۆسیەیە دەستگیر کراون کە چەندین کەسایەتیی سیاسی و بازرگانیی دیاری تورکیای تێدایە. پەرلەمانی تورکیا بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە لیژنەی تایبەتی پێکهێناوە و یاسایەکی تایبەتی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی سندووقەکان و دۆخی وەبەرهێنەرە زەرەرمەندەکان پەسند کردووە.


