رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا دەڵێت، دەبێت هەموو گەریلاکانی پەکەکە چەکەکانیان دابنێن و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی وڵاتیش ئەمە پشتڕاست بکەنەوە.
ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا، رۆژی هەینی 6ی تشرینی دووەمی 2026، لە بارەگای لقی رێکخستنی مێردینی ئاکپارتی قسەی کرد و باسی لە پرۆسەی چارەسەری کرد. گورلەک جەختی لە سەرخستنی پرۆسەکە کردەوە و گوتی، هیچ کەس ناتوانێت لەم رێگەیە پاشگەزیان بکاتەوە.
گورلەک رایگەیاند، نەخشەڕێگەیان لە پرۆسەکەدا روونە و گوتی، پێویستە گەریلاکان "لەنێوخۆ و دەرەوەی وڵات چەکەکانیان دابنێن و هەموو ئەو مەرجانەی هەڕەشە لە ئارامی و ئاسایشمان دەکەن، نەمێنن. دوای ئەوەی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت ئەم دۆخەیان پشتڕاستکردەوە، پرۆسەکە کۆتایی دێ. ئێمە لەگەڵ هیچ کەسێک مامەڵەمان نەکردووە و مامەڵەش ناکەین. ئامانجمان ئەوەیە داهاتووی ئەم وڵاتە لەسەر بنەمای دەوڵەتی یاسای دیموکراسی بونیات بنێین."
وەزیری دادی تورکیا سوپاسی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا؛ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە؛ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمان و ئەو 467 پەرلەمانتارەی کرد کە لە پەرلەمان دەنگیان بە پڕۆژەیاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری دا.
ئاکن گورلەک ئاماژەی بە گوشارەکانی پێشوو بۆ سەر زمانی کوردی کرد و داوای خاوەندارێتی لە پرۆسەکە کرد. گورلەک گوتی، "پێش 24 ساڵ، دۆخی ژیان لە مێردین لەبەرچاوی هەموومانە. لەو کەشە ستەمکارییەی کە خەڵک نەیدەتوانی بە زمانی دایکی خۆی قسە بکات، ئێمە بە ئاسانی نەگەیشتینە ئەمڕۆ. پێش 25 ساڵ کێ بڕوای دەکرد کە لە زانکۆی ئارتوکڵوی مێردین بەشی خوێندن بە زمانی کوردی هەبێت! بۆیە بەرامبەر بە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر هۆشیار بن و بە بەهێزییەوە خاوەندارێتی لەم رێگەیە بکەن."



