رووداو دیجیتاڵ
توێژەرێکی زانکۆی یوزونجو یڵی وان، توێژینەوەیەکی زانستی لەبارەی مەترسییەکانی سەر دەریاچەی وان ئامادە کردووە و بڕیارە لە 31ـەمین لووتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا بیخاتەڕوو.
ئایشەگول فەرای گۆکدەرە، مامۆستای بەشی ئەندازیاریی جیۆلۆجی لە زانکۆی یوزونجو یڵ لە پارێزگای وان لە باکووری کوردستان، توێژینەوەیەکی زانستی لەبارەی هاوسەنگیی ئۆکسجین، پیسبوونی ئاو و دەریاچەکە و مەترسیی "مردنی دەریاچەکە" ئامادە کردووە و بڕیارە لە لووتکەی کەشوهەوا کە بە میوانداریی تورکیا بەڕێوەدەچێت، پێشکەشی بکات.
کۆنفرانسی کەشوهەوا لەنێوان 9 بۆ 20ـی تشرینی دووەم لە ئەنتالیا بەڕێوەدەچێت و لە رۆژەڤی رۆژی 16ـی تشرینی دووەمدا، توێژینەوەکە دەخرێتەڕوو.
توێژینەوەکەی گۆکدەرە، کە تێیدا پشتی بە پێوانەی مانگانە لە وێستگە جیاوازەکان بەستووە، لێکۆڵینەوە لە بڕی ئۆکسجینی تواوە، گۆڕانکارییەکانی پلەی گەرما، خوێیە خۆراکییەکان و چینبەندیی ئاو دەکات. ئامانج لەم کارە زانستییە، دیاریکردنی مەترسییە ژینگەییەکان و بەشداریکردنە لە هەوڵەکانی چاودێریکردنی درێژخایەنی دۆخی ژینگەیی دەریاچەکە.
ئەو توێژەرە کە لە ساڵی 2005ـەوە بە شێوەیەکی چالاک لە مەیداندا کار لەسەر دەریاچەی وان دەکات، بە ئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاند، ئەو توێژینەوەیە نەک تەنیا بۆ باکووری کوردستان، بەڵکو بۆ تورکیا و جیهانیش گرنگییەکی ستراتیژیی هەیە.
ئەو توێژەرە ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی دەرکەوتنی زیاتری کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە ساڵانی رابردوودا، گۆڕانکاریی بەرچاو لە دەریاچەی واندا روویان داوە و ئەم پرۆسەیە بەردەوامە و گوتی: "کشانەوەی ئاو بە تایبەتی لە کەناراوەکاندا بە روونی دەبینرێت."
توێژەرەکە جەختی لەوە کردەوە کە هەندێک گۆڕانکاری هەن کە بە چاو نابینرێن و گوتی: "زیادبوونی پاشماوەکان، کە بە شێوەیەک دەڕژێنە نێو دەریاچەی وان، ئێستا دەریاچەکەیان رووبەڕووی مەترسییەکی گەورە کردووەتەوە."
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە لەگەڵ پیسبوون و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، دەریاچەکە بەرەو پرۆسەی (یۆترۆفیکاسیۆن) دەبات؛ واتە دەریاچەیەک دەست بە وشکبوون و کشانەوە و تێکچوون دەکات و دەچێتە نێو سووڕێکەوە کە کاریگەری لەسەر تەواوی ژینگەی دەریاچەکە دەبێت.
دەریاچەی وان، وەک گەورەترین دەریاچەی سۆدەدار لە جیهان و چوارەمین گەورەترین دەریاچەی داخراو لە رووی رووبەرەوە، بە تاقیگەیەکی گرنگی زانستی و مێژوویی دادەنرێت.
رووبەری دەریاچەکە 3 هەزار و 713 کیلۆمەتر دووجایە. تێکڕای قووڵییەکەی 171 مەترە و قووڵترین خاڵیشی 451 مەترە.
لە ساڵانی رابردوودا، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و چالاکییە مرۆییەکانەوە، دەریاچەکە رووبەڕووی مەترسییەکانی وەک کشانەوەی ئاو و پیسبوونی ژینگە بووەتەوە.
