رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوێکی چاودێریکردنی دۆخی کۆچبەران دەڵێ، بەلەمێک کە دەیان کۆچبەری هەڵگرتبوو و بەرەو کەناراوەکانی ئەورووپا دەڕۆیشت، لە کەناراوەکانی لیبیا نوقمبووە و لە ئەنجامدا 51 کەس گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون.
بەپێی زانیارییەکانی گرووپی عابرین کە چاودێریی جووڵەی کۆچبەران لە رۆژهەڵاتی لیبیا دەکات، رووداوەکە لە 12ـی حوزەیران لە دەریای نێوەڕاست و لە کەناراوەکانی بەشی رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە روویداوە و تەنیا 10 کۆچبەر رزگاریان بووە.
گرووپەکە ئاماژەی بەوە کردووە، تەرمی 11 کۆچبەر دەرهێندراوە و 40 کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.
ئەمە نوێترین کارەساتە لەم بەشەی دەریای نێوەڕاست روودەدات.
کەناراوەکانی لیبیا لە خاڵە سەرەکییەکانی دەرچوونی کۆچبەرانن لە باکووری ئەفریقاوە بۆ ئەورووپا. قاچاخچییەکان ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر دەخەنە نێو بەلەمی بچووک و ناسەلامەتەوە، کە بەهۆیەوە ساڵانە هەزاران کەس لەم گەشتە دەریاییە مەترسیدارەدا گیان لەدەستدەدەن.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، لە 1ـی کانوونی دووەمەوە تاوەکو 16ـی ئایاری ئەم ساڵ، زیاتر لە 800 کۆچبەر لە رێڕەوی نێوەڕاستی دەریای نێوەڕاست گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون. رێڕەوی نێوەڕاستی دەریای نێوەڕاست ئەو رێڕەوەیە کە کۆچبەران لە توونس و لیبیاوە بۆ پەڕینەوە بۆ ئەورووپا بەکاری دەهێنن.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ساڵی رابردوو لە هەمان رێڕەودا زیاتر لە هەزار و 300 کۆچبەر خنکاون یان بێسەروشوێن بوون.
لە چەند ساڵی رابردوودا، لیبیا بووەتە خاڵی سەرەکیی تێپەڕبوونی ئەو کۆچبەرانەی کە لە دەست شەڕ و هەژاری لە ئەفریقا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رادەکەن. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی وڵاتەکە دوای راپەڕینەکەی ساڵی 2011 بە پاڵپشتیی ناتۆ کە بووە هۆی رووخان و کوژرانی موعەمەر قەزافی، رووبەڕووی پشێوی و ئاژاوەیەکی گەورە بووەتەوە.
قاچاخچییەکان سوودیان لەو پشێوییەی لیبیا وەرگرتووە و کۆچبەران لە رێگەی سنوورە درێژەکانی وڵاتەکەوە (کە هاوسنوورە لەگەڵ شەش وڵات) دەبەنە ژوورەوە.
بەپێی راپۆرتی لێکۆڵەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو کۆچبەرانەی دەستگیردەکرێن و دەگەڕێندرێنەوە بۆ لیبیا، لەنێو کەمپەکانی حکومەتدا رادەگیرێن کە پڕن لە پێشێلکاری؛ لەنێویاندا کارپێکردنی زۆرەملێ، لێدان، دەستدرێژی و ئەشکەنجەدان، کە ئەم کارانەش دەچنە چوارچێوەی "تاوان دژی مرۆڤایەتی."



