رووداو دیجیتاڵ
ئەو رۆژنامەڤانە ئەڵمانییەی کە لە سەرەتای ئەم ساڵدا لە سووریا بێسەروشوێن بوو، ئازاد کرا و گەڕایەوە وڵاتەکەی.
ئیڤا ماریا میشێلمان، رۆژنامەڤانی ئەڵمانی کە بۆ رووماڵکردنی پاشماوەکانی شەڕی نێوخۆ چووبووە سووریا، رۆژی هەینی گەڕایەوە ئەڵمانیا.
رۆلاند مایستەر، پارێزەری ئەو رۆژنامەڤانە بە ئاژانسی فرانس پرێسـی راگەیاند: "دەتوانم پشتڕاستی بکەمەوە کە ئیڤا میشێلمان بەیانی رۆژی هەینی ئازاد کرا و دوای نیوەڕۆش گەیشتەوە ئەڵمانیا."
ئەنتۆنیۆس میشێلمان، برای ئیڤا، دواتر بە ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی (dpa)ی راگەیاند کە "چووین بۆ هێنانەوەی" و روونیکردەوە کە لەرێگەی ئوردنەوە گەڕاوەتەوە ئەڵمانیا.
ئەنتۆنیۆس ئاماژەی بەوە کرد کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی خوشکەکەی پێیدا تێپەڕیوە، ئێستا تەندروستی باشە؛ گوتیشی کە ئیڤا بۆ ماوەیەکی درێژ لە ژووری تاکەکەسیدا زیندانی کرابوو، بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەخستەڕوو.
چی بەسەر ئیڤا هاتبوو؟
ئیڤا میشێلمان لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵ و لە کاتی هێرشی هێزەکانی حکومەتی سووریا بۆ سەر شەڕڤانان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە لایەن هێزەکانی سەر بە دیمەشقەوە دەستگیرکرا و سۆراخی نەما.
لەهەمان کاتدا ئەحمەد پۆڵات، رۆژنامەڤانی کوردی باکووری کوردستان کە هاوپیشەی ئیڤا بوو، بێسەروشوێن بوو.
برای ئیڤا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا چارەنووسی ئەحمەد پۆڵات نادیارە.
بەپێی زانیارییەکانی لیژنەی پاراستنی رۆژنامەڤانان (CPJ)، هەردووکیان بۆ ئاژانسی هەواڵی سۆسیالیستیی ئەتکین و کەناڵی تەلەڤیزیۆنیی ئۆزگور کاریان دەکرد کە بارەگاکانیان لە ئیستەنبووڵە.
بۆ چەندین مانگ، بەتەواوی روون نەبوو کە چی بەسەر ئەو دوو رۆژنامەڤانەدا هاتووە.
هەفتەی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند کە لە ئاستێکی باڵادا کار دەکات بۆ ئازادکردنی ئیڤا.
تاوەکو ئێستا روون نەبووەتەوە بۆچی ئەو رۆژنامەڤانە کە خەڵکی شاری کۆلنی ئەڵمانیایە دەستبەسەرکرا یان ئایا هیچ تۆمەتێکی ئاراستە کرا یان نا.



