رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەوانەیە وڵاتەکەی پێش هەڵبژاردنی نیوەی خول هێرشبکاتەوە سەر ئێران؛ دەشڵێت، رێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتە 300٪ە و لە شکستدان.
رۆژی هەینی، 9ی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی واشنتنی تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە ئەگەری هێرشکردنەوە سەر ئێران پێش هەڵبژاردنی نیوەی خول رایگەیاند: "لەوانەیە بیکەین. مەبەستم ئەوەیە، با بزانین چی دەبێت".
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "پێموایە ئەوان بە خراپی شکست دەهێنن. وڵاتەکەیان بە خراپی شکست دەهێنێت. سوپاکەیان تێکشکاوە. هیچ هێزێکی دەریاییان نییە. هیچ هێزێکی ئاسمانییان نییە".
گوتەکانی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدان رۆژی پێنجشەممە رایگەیاندبوو کە پێش هەڵبژاردنی نیوەی خول هێرشناکەنەوە سەر ئێران. بڕیارە رۆژی 3ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی نیوەی خول لە ئەمریکا بەڕێوەبچێت.
سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی رووداودا ئاماژەی بەوەش کرد: " (ئێران) هەڵاوسانی 300 لەسەدی هەیە و لە دۆخێکی زۆر خراپدان."
بەپێی تازەترین راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، رێژەی هەڵاوسانی خاڵ بۆ خاڵ لە مانگی خەرمانان (23ی ئاب تاوەکو 22ی ئەیلوول) گەیشتووەتە 89.8%، ئەمەش بەراورد بە مانگی پێشووتر بە رێژەی 0.8% زیادی کردووە.
رۆژی 28ی شوبات ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر ئیسرائیل و وڵاتانی دراوسێی وەڵامیدانەوە. هەردوولاش لەسەر ژمارەیەک پرس ناکۆکن، لەوانە ئەتۆم، ئەو گرووپە چەکدارانەی واشنتن بە نزیک لە ئێرانیان دادەنێت و تەنگەی هورمز و داهاتووەکەی.




