رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی ئۆکراینا لە عێراق ئەو راپۆرتانە رەت دەکاتەوە کە باس لە هەبوونی هێزی تایبەت بە درۆن و هەزاران درۆنی ئۆکراینی لە هەرێمی کوردستان دەکەن، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئەو بانگەشانە هیچ بنەمایەکیان نییە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویکردەوە کە ئۆکراینا سەرباز و شارەزای درۆن و هەزاران درۆنی بچووکی لە هەرێمی کوردستانی عێراق جێگیر کردووە.
باڵیۆزخانەی ئۆکراینا لە عێراق لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا کە رۆژی 21ـی تشرینی یەکەمی 2026 بڵاویکردەوە، وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە و رایگەیاند: "ئەم تۆمەتانە بە تەواوی بێبنەمان و دەچنە خانەی بڵاوکردنەوەی زانیاریی چەواشەکارانەی ئامانجدارەوە. ئۆکراینا هیچ درۆنێک، یەکەی درۆن یان کارمەندی پەیوەندیداری لە هەرێمی کوردستان یان لە هیچ شوێنێکی دیکەی عێراق جێگیر نەکردووە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، باڵیۆزخانەکە دووپاتیکردەوە که "ئۆکراینا بە تەواوی رێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی کۆماری عێراق دەگرێت و بەهایەکی یەکجار زۆر دەداتە دۆستایەتیی خۆی لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان."
باڵیۆزخانەی ئۆکراینا داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکات کە "وردبینیی پێویست بکەن و خۆیان لە گەورەکردن و بڵاوکردنەوەی ئەو بانگەشانە بەدوور بگرن کە هێشتا پشتڕاست نەکراونەتەوە."

.jpeg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
