رووداو دیجیتاڵ
ئێدی راما، سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا دەڵێ، حکومەتەکەی سەرقاڵی ئامادەکردنی "تۆمارێکی تایبەت"ـە بۆ قەدەخەکردنی گەشتکردن لەو خۆپێشاندەرانەی دەستیان لە تووندوتیژیدا هەبووە، ئەوەش دوای زیاتر لە هەفتەیەک لە ئاڵۆزی و پێکدادان لە وڵاتەکەدا.
لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی کەرتی بانکی لە تیرانای پایتەخت، راما هەڕەشەی کۆمەڵێک رێکاری نوێی کرد دژی هەر کەسێک کە بەشداری لە پشێوی و تووندوتیژیدا کردبێت و گوتی: "لیستی ناوی ئەو تاوانبارانە ئامادە دەکرێ و لەگەڵ وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا هاوئاهەنگی دەکەین بۆ ئەوەی وەک ئەنجامدەرانی تووندوتیژی، رێگرییان لێبکرێ بچنە نێو ئەو وڵاتانەوە؛ هەروەها لە فڕۆکەخانەکان، هۆتێلەکان، شەمەندەفەر و تەواوی ئامرازەکانی گواستنەوەدا رێگرییان لێدەکرێ."
ئەلبانیا ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا نییە، بەڵام هەوڵی چوونە نێو ئەو یەکێتییە دەدات.
ئەم بڕیارەی سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا دوای ئەوە دێت کە خۆپێشاندەران لە هەفتەی رابردوودا بە چڕی بانکەکان و چەندین بینای حکومییان کردە ئامانج و زیانی گەورەیان پێگەیاندن.
راما بانگەشەی ئەوەی کردووە کە رووسیا و ئێران لە "رێگەی زانیاریی چەواشەکاری ئۆنلاینەوە" ئاگری تووندوتیژییەکان خۆش دەکەن و خۆپێشاندانەکانی تیرانای بەو ناڕەزایەتییانەوە بەستەوە کە لە پایتەختەکانی دیکەی ئەورووپادا روودەدەن.
سەرەڕای ئەوەی رۆژی چوارشەممە شەقامەکانی تیرانا تاڕادەیەک ئارام بوون، بەڵام بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی قوتابییان داوای گردبوونەوەیەکی سەرتاسەری و گەورەیان بۆ رۆژی شەممە کردووە.
ناڕەزایەتییەکان لە مانگی ئایاری ئەم ساڵەوە بەهۆی پڕۆژەیەکی گەشتیاریی مشتومڕاوی کە بە بنەماڵەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە دەبەسترێتەوە سەریانهەڵدا، دواتر گۆڕان بۆ داواکاریی خوێندکاران بۆ باشترکردنی ژینگەی زانکۆکان و کەمکردنەوەی کرێی خوێندن و ئێستاش بوونەتە بزووتنەوەیەکی بەرفراوان دژی گەندەڵی کە تێیدا بەردەوام داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئێدی راما دەکرێ.



