رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دوو چەکداری فەلەستینی لە نزیک شاری خەلیل، پێنج ئیسرائیلییان بریندار کرد و دواتر لە پێکدادانێکی چەکداریی درێژخایەندا لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژران، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڕیاری گەمارۆدانی تەواوەتیی کەرتی رۆژئاوای دا؛ ئەمەش تەنیا چەند رۆژێک پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل دێت.
نەتەنیاهوو، کە بۆ مانەوە لە پۆستەکەی رووبەڕووی کێبڕکێیەکی سەخت دەبێتەوە لە هەڵبژاردنی رۆژی سێشەممەی داهاتوودا رایگەیاند، هێزەکانی ئیسرائیل رێگرییان لە هێرشێکی زۆر گەورەتر کردووە، بەو پێیەی هێرشکارەکان بڕێکی یەکجار زۆر چەک و تەقەمەنییان لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیاندا پێبووە.
بەگوتەی شایەتحاڵان، دوو پیاوی فەلەستینی بە دەمانچە و تفەنگێکەوە لە خاڵی پشکنینی (فەرش هەوا) لە نزیک شاری خەلیل، تەقەیان لە هێزەکانی ئیسرائیل کردووە؛ لە ئەنجامی شەڕە تەقەکەدا، سوپای ئیسرائیل هەردوو چەکدارەکەی کوشتووە.
دەزگای فریاکەوتنی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، پێنج ئیسرائیلی کە لە بیستەکانی تەمەنیاندان بریندار بوون و تەندروستیی دوویان زۆر سەختە.
هەڵپەساردنی بانگەشە و بڕیاری گەمارۆدان
بەهۆی نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەکان، نەتەنیاهوو بڕیاری دا سەرجەم چالاکییەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنی پارتی لیکود لە رۆژی هەینی هەڵپەسێردرێن و لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "سڵاو دەنێرم بۆ ئازایەتیی سەربازەکانمان کە بە پێداگرییەوە رێگرییان لە هێرشێکی گەورەتر کرد."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی، فەرمانم بە سوپا و هێزە ئەمنییەکان کردووە کە دەستبەجێ گەمارۆ بخەنە سەر شاری خەلیل و ئامادەکاری بکەن بۆ سەپاندنی قەدەخەی هاتووچۆ و گەمارۆی تەواوەتی بۆ سەر کەرتی رۆژئاوا. ئاماژەی بەوەش کرد، هێزەکان لە هەڵمەتێکی گەورەی گەڕان و دەستگیرکردنی بەرفراواندان.
حەماس ستایشی هێرشەکە دەکات
ئیتامار بن غەفیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل و سەرکردەی راستڕۆی تووندڕۆ، لە کاردانەوەی ئەم رووداوەدا داوای هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی فەلەستینی کرد و گوتی، "دەبێت دەسەڵاتی فەلەستینی هەڵبوەشێندرێتەوە، چەک بکرێت و ژێرخانی تیرۆری بە تەواوی بسڕدرێتەوە." ئەمە لە کاتێکدایە کە هیچ بەڵگەیەک لەسەر تێوەگلانی دەسەڵاتی فەلەستینی لە رامەڵڵا لەم هێرشەدا نییە.
لە بەرامبەردا، بزووتنەوەی حەماس ستایشی هێرشەکەی کرد و بە "ئۆپەراسیۆنێکی پاڵەوانانەی بێوێنە" وەسفی کرد، بەبێ ئەوەی بەرپرسیارێتیی خۆی لێ رابگەیێنێت. حەماس هێرشەکەی بە "وەڵامێکی سرووشتی و رەوا بۆ تاوانە بەردەوامەکانی دژی گەلەکەمان" وەسف کرد.
نەتەنیاهووش لە وەڵامدا هەڕەشەی کرد و گوتی، "لە هەموو شوێنێک بەدوای تیرۆریستەکانی حەماسدا دەگەڕێین؛ هیچ شوێنێکتان نابێت بۆ خۆحەشاردان."



