رووداو دیجیتاڵ
لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو دەیان هێرشەی ئەمریکا بۆ سەر بەلەمی گومانلێکراو بە هەڵگرتنی مادەی هۆشبەر لە نزیک ئەمریکای لاتین بە "تاوان دژی مرۆڤایەتی" ناودەبەن و داوای لێپرسینەوە لە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا دەکەن.
بێن سۆڵ، ریپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، "پێناسەی تاوانی دژی مرۆڤایەتی بریتییە لە هێرشێکی سیستەماتیک یان بەرفراوان
بۆ سەر هاووڵاتییانی سڤیل. 71 هێرشی سەربازی، سیاسەتێکی دەوڵەت بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە لە بەرزترین ئاستەکانی حکومەتی ئەمریکاوە، و پاشان کوشتنی 239 کەس، ئەمە تاوانی دژی مرۆڤایەتییە."
سۆڵ، ئاماژەی بەوەش کرد کە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، بەرپرسیارێتیی کۆتایی دەکەوێتە ئەستۆی هەر کەسێک کە فەرمانی ئەو هێرشانەی داوە، کە بەپێی سیستەمی ئەمریکا، وەزیری بەرگری و سەرۆکی ئەمریکان.
بەڵام واشنتن دەڵێت، هێرشەکان یاسایین، چونکە ئەمریکا لە "ململانێیەکی چەکداریدایە" لەگەڵ ئەو گروپانەی مادەی هۆشبەر دەگوازنەوە، کە وەک
رێکخراوی تیرۆریستی پۆلێنی کردوون. ئیدارەی ترەمپ جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەڵمەتەکە بۆ رێگریکردنە لەو مادانەی ساڵانە دەبنە هۆی مردنی دەیان هەزار ئەمریکی. بەپێی داتای حکومەت، پار ساڵ نزیکەی 70 هەزار ئەمریکی بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە گیانیان لەدەست داوە.
لە بەرامبەردا، مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، گوتی، سۆڵ "زیاتر خەمی گیانی تیرۆریستانی مادەی هۆشبەرە، نەک ئەو کۆمەڵگەیانەی وێرانیان دەکەن."
ستێفان دوجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، نیگەرانیی خۆیانی لەبارەی هێرشەکان دەربڕی و داوای کرد شەڕی دژی مادە هۆشبەرەکان لە چوارچێوەی یاسا و لە رێی هاوکارییەوە بێت، بەڵام خۆی لەوە بەدوور گرت کە هێرشەکان بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی ناو ببات.
هێرشەکانی ئەمریکا بەردەوامن لەکاتێکدا ئەو وڵاتە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی نییە و سزای بەسەر دادگاکە و چەند دادوەرێکیدا سەپاندووە.


