رووداو دیجیتاڵ
شارەزایان لە سیاسەتی ئەمریکا جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەنجامی هەڵبژاردنی کۆنگرێس کاریگەریی لەسەر کورد دەبێت، بەتایبەتی لە رێگەی گوشارکردن لە ئیدارەی ئەمریکا بۆ پشتگیریکردنی کورد. شارەزایەکی کاروباری ئەمریکا دەڵێت، "پێویستە سیاسەتڤانانی کورد خۆیان لەو کەسانە نزیک بکەنەوە کە دەبنە ئەندامی کۆنگرێس".
کاتۆ سەعدوڵڵا، شارەزا لە کاروباری ئەمریکا رایگەیاند، ئەم هەڵبژاردنە بۆ خەڵکی ئەمریکا زۆر گرنگە، چونکە چەندین بابەتی وەک بەرزبوونەوەی نرخەکان، لە نرخی بەنزین و خۆراکەوە تاوەکو خانووبەرە، کاریگەریی لەسەر ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییانی ئەمریکی داناوە.
کاتۆ سەعدوڵڵا ئاماژەی بەوەش کرد, کۆمەڵگەی ئەمریکی لەبارەی سیاسەتەکانی ترەمپەوە دابەشبووە؛ هەندێک پێیانوایە سیاسەتەکانی باشن و هەندێکیش بە خراپیان دەزانن. ئەم دابەشبوونە لە هەڵبژاردنەکاندا رەنگدەداتەوە و هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات بە بەهێزییەوە رکابەری دەکەن.
بە گوتەی ئەو شارەزایە، ویلایەتی تێکساس کە بە ویلایەتێکی کۆماری ناسراوە، ئەمجارە جێگەی سەرنجە، چونکە کۆمارییەکان ترسیان لەوە هەیە دیموکراتەکان دەنگێکی زۆر بەدەستبهێنن. ئەو گوتیشی، "هەردوو حیزب هەڵەیان کردووە لە هەڵبژاردنی بەربژێرەکانیان و ترەمپ شەڕی لەگەڵ زۆر لە [بەربژێرە] کۆمارییەکان کردووە."
سەبارەت بە کاریگەریی هەڵبژاردنەکە لەسەر کورد، کاتۆ سەعدوڵڵا روونیکردەوە، "ئەم بابەتە نەک تەنیا بۆ کوردستان، بەڵکو بۆ هەموو ناوچەکە گرنگە. کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە سووریا لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا، کوردی خستە مەترسییەوە و رێگەی بۆ حکومەتی عێراق خۆشکرد تاوەکو گوشار لەسەر هەرێمی کوردستان دروست بکات."
ئەو شارەزایە دەشڵێت، "سیاسەتەکانی ترەمپ بۆ کورد خراپ بوون. بۆیە هیوادارین لە رێگەی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانەوە، گوشار لەسەر ترەمپ دروست بکرێتەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پشتگیریی کورد بکات و رێگە نەدات بەغدا مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل بکات."
کاتۆ سەعدوڵڵا گوتیشی، "رۆڵی ئەمریکا لە بەرامبەر تورکیا، ئێران و سووریا زۆر گرنگە. بۆیە پێویستە سیاسەتڤانانی کورد خۆیان لەو کەسانە نزیک بکەنەوە کە چاوەڕوان دەکرێت ببنە ئەندامی کۆنگرێس، بۆ ئەوەی بتوانن کاریگەرییان هەبێت."
قسەکانی کاتۆ سەعدوڵڵا و د. دلۆڤان لەکاتی بەشداریکردنیان بوو لە بەرنامەیەکی تایبەتی رووداو لەبارەی هەڵبژاردەکانی نیوەخولی ئەمریکا کە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن پێشکێشیکرد.
د. دلۆڤان بەرواری، شارەزا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، کێشەی سەرەکی بۆ دەنگدەرانی ئەمریکی بریتییە لە گرانبوونی نرخەکان، بەتایبەتی نرخی سووتەمەنی، کە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
بەرواری ئاماژەی بە پێشبینیی راپرسییەکانی هەڵبژاردن کرد و گوتی، "لە کۆی 435 کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران، پێشبینی دەکرێت دیموکراتەکان بتوانن زۆرینە بەدەستبهێنن. بۆ ئەنجوومەنی پیرانیش، لە کۆی 35 کورسی کە هەڵبژاردنیان بۆ دەکرێت، رکابەری لەسەر نزیکەی شەش ویلایەت بەتووندی بەردەوامە."
د. دلۆڤان گوتیشی کە راپرسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دیموکراتەکان لەوانەیە بتوانن لە چوار کورسیدا سەرکەون و زۆرینەی ئەنجوومەنی پیران بە 51 کورسی بەدەستبهێنن، بەڵام گوتیشی، "پێویستە رێژەی هەڵەی راپرسییەکانیش لەبەرچاو بگیرێت کە لە نێوان 3٪ بۆ 5٪ـە."
سەبارەت بە دەسەڵاتەکانی کۆنگرێس، د. بەرواری ئاماژە بەوە دەکات، "ئەنجوومەنی پیران دەسەڵاتی چاودێریکردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، پەسندکردنی باڵیۆزەکان و وەزیرەکانی هەیە. ئەگەر دیموکراتەکان زۆرینە بن، دەتوانن ئاستەنگ بۆ ئیدارەی ترەمپ دروست بکەن."
هەرچەندە د. دلۆڤان بەرواری، جەختی لەوە کردەوە کە سیاسەتی دەرەوە زیاتر لە دەستی سەرۆکدایە، بەڵام پێشیوایە، "ئەنجوومەنی پیران دەتوانێت هەندێک ئاستەنگ لەبەردەم سەرۆکدا دروست بکات، هەرچەندە ناتوانێت بەتەواوی رێگریی لێبکات."


