رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی راگەیاند: "دەبێت دەسەڵاتدارانی سووریا دڵنیا ببنەوە لەوەی هەموو نەتەوە و کەمینەکانی سووریا هەست بە ئاسایش بکەن".
رۆژی دووشەممە، نزیکەی 100 خێزانی کورد لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ گرێ سپی، هێرشیان کرایەسەر، ئۆتۆمبێلەکانیان سووتاندن و بۆ ماوەی چەند کاژێرێک لە باڵەخانەیەکی حکومی خۆیان پەنادا.
دانیێلا گرۆس دی ئەلمەیدا، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ بە نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداوی لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوت، "گرنگە هەمووان، لە نەتەوەکان، کەمینەکان، کەمینە ئایینییەکان، کەمینە نەتەوەییەکانی سووریا، لە وڵاتەکەی خۆیاندا هەست بە ئاسایش بکەن. ئەمەش بەرپرسیارێتیی دەسەڵاتدارانی کاتییە، دەسەڵاتدارانە، کە دڵنیابنەوە لەوەی بارەکە بەو شێوەیە بێت".
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان:
رووداو: سەبارەت بە سووریا: ئەمڕۆ لە گرێ سپی (کە بە عەرەبی تەل ئەبیەزی پێ دەڵێن)، کۆمەڵێک خەڵک هێرشیان کردە سەر ئەو خێزانە کوردانەی گەڕابوونەوە بۆ ئەوەی ماڵەکانیان وەربگرنەوە. ئۆتۆمبێلەکانیان سووتاندن و وایان کرد نزیکەی 100 خێزان بۆ چەند کاژێرێک لە بینایەکی حکومیدا پەنا بگرن. ئەمە دووەم هێرشە لە مانگی ئابەوە بۆ سەر ئەو کوردانەی هەوڵی گەڕانەوەیان داوە . ئایا سکرتێری گشتی هیچ پەیامێکی بۆ دەسەڵاتدارانی سووریا هەیە؟ هەروەها ئایا نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ رۆڵێکی لەم گەڕانەوانەدا هەبووە؟
دانیێلا گرۆس دی ئەلمەیدا، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان: بەڕاستی ئەو راپۆرتانەم نەبینیوە، باشە، بەڵام وەک چەندین جار لێرە گوتوومانە، گرنگە هەمووان، لە نەتەوەکان، کەمینەکان، کەمینە ئایینییەکان، کەمینە نەتەوەییەکانی سووریا، لە وڵاتەکەی خۆیاندا هەست بە ئاسایش بکەن. ئەمەش بەرپرسیارێتیی دەسەڵاتدارانی کاتییە، دەسەڵاتدارانە، کە دڵنیابنەوە لەوەی بارەکە بەو شێوەیە بێت.


