رووداو دیجیتاڵ
پسپۆڕێکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت، لۆبیی کورد لە ئەمریکا بەهێز نییە، چونکە یەکگرتوو نییە. دەشڵێت ناسراویی کورد سنووردارە، چونکە دەوڵەت نییە.
د. سەڵاح بایەزیدی، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند، لۆبیکردن بووەتە کارتێکی گرنگ بۆ وڵاتە زلهێزەکانیش، کە لە رێگەیەوە هەوڵی کاریگەری دانان لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و کۆنگرێس دەدەن.
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە، وڵاتان پارەیەکی زۆر لە لۆبیکردندا خەرج دەکەن. بۆ نموونە، چین لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا زیاتر لە نیو ملیار دۆلاری خەرج کردووە. هەروەها ئیسرائیل زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار و قەتەر نزیکەی 270 ملیۆن دۆلاریان لە واشنتن بۆ لۆبی خەرج کردووە.
د. سەڵاح بایەزیدی، دەڵێت: "ئیمارات، قەتەر و سعودیە لە لیستی ئەو وڵاتانەن کە زۆرترین پارە خەرج دەکەن، بەڵام هەندێکجار لۆبییەکانیان دژی یەکدی بەکاردەهێنن."
سەبارەت بە کورد، ئەو پسپۆڕە باس لەوە دەکات، کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان لۆبیی خۆی لە واشنتن هەیە، "بەڵام بەداخەوە لۆبییەکی دابەشبووە و یەکگرتوو نییە."
بایەزیدی، پێیوایە سەردەمی زێڕینی هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی 2003 تاوەکو سەردەمی شەڕی داعش و ریفراندۆم بوو، کە کورد یەکگرتووتر بوو و توانیی ئامانجی گەورە بپێکێت، بەڵام دواتر دابەشبوونی لایەنەکان کاریگەریی نەرێنی لەسەر لۆبیی کورد دانا.
ئەو پسپۆڕە روونیدەکاتەوە، شەڕی دژی داعش و رووبەڕووبوونەوەی گرووپە تووندڕەوەکان لە عێراق و سووریا، بووە هۆی ئەوەی بەرژەوەندییەکانی کورد و ئەمریکا هاوتەریب بن، ئەمەش وەک "لۆبییەکی خۆڕایی" بۆ کورد وابوو، کە ناسنامەی کوردی زیاتر بە جیهان ناساند.
د. سەڵاح بایەزیدی جەخت لەوە دەکاتەوە، "لە واشنتن پارە قسە دەکات،" بەڵام کاریگەریی لۆبی پەیوەستە بە هەلومەرجی هەر پارچەیەکی کوردستانیشەوە. بۆ نموونە، بەهۆی ئاڵۆزیی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران، کەمتر دەرفەت بۆ پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان رەخساوە.
قسەکانی د. سەڵاح ئەمڕۆ چوارشەممە 28-10-2026 لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بەرنامەی رێگەی کۆنگرێس کە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن پێشكێشیکرد.
بایەزیدی هۆشداری دا کە ناوچەکە بەرەو گۆڕانکارییەکی گەورە دەڕوات و دەڵێت، "یەکێک لە گەورەترین مەترسی و دەرفەتەکان، رووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، کە دەبێتە هۆی دروستبوونی شیفتێکی بەهێزی سوننە لە ناوچەکەدا، ئەمەش بۆ ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان، بەتایبەت کورد، هەم هەلە و هەم هەڕەشەیە."


