رووداو دیجیتاڵ
دادگەیەکی شاری لەندەن، تۆمی رۆبینسۆن، چالاکڤانی باڵی راستڕۆوی تووندڕەوی بەریتانیای بە تاوانی هەراسانکردنی دوو رۆژنامەڤان بە تاوانبار ناساند؛ بەپێی یاساکانی بەریتانیا رەنگە رووبەڕووی سزای تاوەکو 10 ساڵ زیندانیکردن ببێتەوە.
دەستەی سوێندخواردن لە دادگەی ساوسوارک کراون لە لەندەن، دوای زیاتر لە 11 کاژێر گفتوگۆ، بە زۆرینەی دەنگی 10 بەرامبەر بە 2، رۆبینسۆنی تەمەن 43 ساڵ، کە ناوی راستەقینەی (ستیڤن یاکسلی-لینۆن)ـە، لە دوو تۆمەتی هەراسانکردندا بە تاوانبار دیاریکرد. بڕیارە رۆژی 16ی کانوونی یەکەمی داهاتوو سزای کۆتایی بەسەردا بسەپێندرێت.
تۆمی رۆبینسۆن، کە یەکێکە لە کەسایەتییە دژە کۆچبەرە تووندڕەوەکانی بەریتانیا، پێشتریش چەندین سزای تاوانکاریی وەک هێرشکردن، ساختەکاری و بێڕێزیکردن بە دادگەی بەسەردا سەپێنراوە و چەندین جار زیندانی کراوە.
رووداوەکە بۆ ئاڵۆزییەکانی ساڵی 2024 دەگەڕێتەوە، کاتێک دوای کوژرانی سێ کچ لە ساوسپۆرت لە بەریتانیا، ناڕەزایەتی سەریهەڵدا. لەو کاتەدا رۆبینسۆن لە قوبرس بوو و پۆستی هاندەرانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکردەوە؛ ئەمەش وایکرد رۆژنامەی دەیلی مەیل راپۆرتێکی رەخنەیی لەسەر بڵاوبکاتەوە بە ناونیشانی: "ئەو ئاژاوەیە لەسەر قەنەفەی پشوودانەوە هەڵدەگیرسێنێت."
لە کاردانەوەی ئەو راپۆرتەدا، رۆبینسۆن پەلاماری ئەندروو یۆنگ، پەیامنێری سەربەخۆ و جەیکۆب دێرنهوبەر، سەرنووسەری رۆژنامەکەی دا. لە دادگە ئاشکرا کرا کە رۆبینسۆن لە رێگەی پلاتفۆرمی ئێکسەوە کەمپینی دژیان دەستپێکردووە و لێکۆڵەری تایبەتی بەکرێگرتووە بۆ دۆزینەوەی ناونیشانی ماڵەکانیان و ماڵی تێد ڤێریتی، سەرنووسەری گشتیی رۆژنامەکە.
داواکاری گشتی بەڵگەی دەنگیی تۆمارکراوی پێشکەشی دادگە کرد کە تێیدا رۆبینسۆن هەڕەشە لە رۆژنامەڤانەکان دەکات و دەڵێت: "من شوێنی هەمووتانم دۆزیوەتەوە." ئەمەش وایکردووە ئەو رۆژنامەڤانانە لە ترسی سەلامەتیی گیانیان ماڵەکانیان چۆڵ بکەن یان پاسەوانی تایبەت بگرن.
سەرەڕای ئەوەی تۆمی رۆبینسۆن تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە، لە سەرەتای دادگاییکردنەکەیدا سوپاسی ملیاردێر ئیلۆن مەسک، خاوەنی پلاتفۆرمی ئێکسی کرد، کە تەواوی خەرجیی پارێزەرەکانی لە دادگەدا لە ئەستۆ گرتووە.



