رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکا و سەرچاوەی ئاگادار رایانگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا لە رێگەی جێگرەکەیەوە نامەیەکی بۆ سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ناردووە و داوای دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی کردووە.
رۆژی چوارشەممە، 28ی تشرینی یەکەمی 2026، ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکی و سەرچاوەی ئاگادار بە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکییان راگەیاند، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، پەیوەندی موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کردووە بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی جەنگ دەکات دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول لە هەفتەی داهاتوودا.
هەوڵی چڕ بۆ رێگری لە جەنگ
میدیای ئەمریکی (ئەکسیۆس) لە زاری سێ سەرچاوەی ئەمریکی، ئیسرائیلی و ناوچەییەوە ئاشکرای کرد، وڵاتانی ناوچەکە بە سەرکردایەتى دەوحە لە هەوڵێکی چڕی دیپلۆماسیدان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکانی نێوان واشنتن و تاران، تاوەکو رێگری لە هەڵگیرسانەوەی جەنگ و هێرشی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل بگرن راستەوخۆ دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس.
بەپێی راپۆرتەکە، قەتەرییەکان کار لەسەر ئەوە دەکەن تاران رازی بکەن رێگە بە پشکنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بدات سەردانی وێستگە ئەتۆمییە بۆردوومانکراوەکانی بکەن، لە بەرامبەر ئەوەی ئەمریکا بەشێک لە سزاکانی سەر ئەو وڵاتە سووک بکات.
ئەم جموجۆڵە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە رۆژی دووشەممە، 26ی تشرینی یەکەم ئەیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل لەگەڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بە تەلەفۆن قسەی کردووە بە مەبەستی هاوئاهەنگی بۆ هێرشە پێشبینیکراوەکان. بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیلی دەڵێن، ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، چاوەڕوان دەکرێت دوای هەڵبژاردنی نیوەی خول ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی فرەوان بۆ سەر سەرکردایەتی، کەرتی وزە، وێستگە ئەتۆمییەکان و ژێرخانی ئێران بکرێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە، 28ی تشرینی یەکەم، لە چاوپێکەوتنێکی کورتدا لەگەڵ (ئەکسیۆس) رایگەیاند: "دانوستاندنەکان لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە بەڕێوەدەچن، بەڵام نازانین بەرهەمیان دەبێت یان نا. دەبێت ئەرکەکە کۆتایی پێبهێنین — جا لە رێگەی رێککەوتنەوە بێت یان بە شێوازێکی دیکە — بەم زووانە دەردەکەوێت ئەگەر دانوستاندنەکان سەرکەوتوو دەبن."
هاوکات لە هەمان رۆژدا (چوارشەممە)، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پلاتفۆرمی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و گوتی: "لە کاتێکدا هێزە چەکدارە ئازاکانمان لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ بەرگریکردن لە نیشتمان، ئێران بەردەوام دەرفەت بە سەرکەوتنی دیپلۆماسی دەدات."
لە پشت پەردەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانەوە، قەتەر بە پاڵپشتیی سعودیە، میسر، تورکیا و پاکستان کار دەکات. عەلی سەوادی، نێوەندگیری قەتەری رۆژی یەکشەممە، 25ی تشرینی یەکەم لە تاران بوو بۆ پێشکێشکردنی چارەسەرێک سەبارەت بە مەرجی ئەمریکا بۆ دەستبەرداربوون لە یۆرانیۆمی پیتێنراو لە بەرامبەر داواکاریی ئێران بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی و ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی.
نێوەندگیرەکان بە ئێرانیان راگەیاندووە قبووڵکردنی ئەم پێشنیازە تاکە رێگەیە بۆ دوورکەوتنەوە لە جەنگ دوای هەڵبژاردن. بەرپرسانی تاران لە وەڵامدا گوتوویانە لە چەند رۆژی داهاتوودا رەزامەندیی موجتەبا خامنەیی، رابەری ئێران لەسەر بابەتەکە وەردەگرن. هاوکات بەرپرسانی سعودیە دوای گەڕانەوەیان لە تاران، کۆشکی سپییان لە ترسی ئێرانییەکان لە هێرشی دوای هەڵبژاردن ئاگادارکردووەتەوە و داوایان لە ترەمپ کردووە پەلە لە بژارەی سەربازی نەکات.


