رووداو دیجیتاڵ
بانگەشەی هەڵبژاردن لە ئەمریکا بە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت؛ ستۆدیۆ کلاسیکییەکانی تەلەڤیزیۆن شوێنی خۆیان بۆ پەخشی راستەوخۆی سەر سەکۆ دیجیتاڵییەکان چۆڵ دەکەن، ستریمەرەکان شوێنى بێژەرەکانیان گرتووەتەوە.
لە هەڵبژاردنی نیوەی خولی ئەمریکا لە 2026، حەسەن پایکەر، کە بە رەچەڵەک تورکە و لە پلاتفۆرمەکانى یوتیوب و توێچ بە نازناوى "HasanAbi" ستریم دەکات، وەک دیارترین دەنگی دیموکراتەکان لە واشنتن دەنگیداوەتەوە؛ ستریمەرێکی تەمەن 35 ساڵ کە لە ژوورێکی سادەوە بووەتە یاریزانێکی سەرەکی لە دیاریکردنی ئاراستەی دەنگدەرانی گەنج.
پایکەر کێیە و چۆن هەڵکشا؟
حەسەن پایکەر خاوەنی سەکۆیەکی بەهێزە لە تۆڕی تویچ (Twitch) بە زیاتر لە سێ ملیۆن بینەری بەردەوام، کە زۆرینەی رەهایان لە خوار تەمەنی 45 ساڵییەوەن. ئەو دەنگە نەبیستراوەی دیموکراتەکان هەمیشە بەدوایدا دەگەڕان — واتە نەوەی زێد و میلینیەڵز — پایکەر لە رێگەی ستریمە درێژخایەنەکانی و زمانی رەوان و ناڕەسمییەوە راستەوخۆ دەستی پێیان دەگات.
لە هەڵبژاردنی 2026ـدا، پایکەر تەنیا لەپشت مۆنیتەرەکەیەوە نەمایەوە، بەڵکو بینەرە ملیۆنییەکەی کردە هێزێکی مەیدانیی کاریگەر؛ چووە سەر شەقام و کەمپینی بۆ چەندین بەربژێری سۆسیالیست و پێشکەوتنخوازی دیموکراتەکان کرد، لەوانە عەبدولڕەحمان ئەلسەید لە میشیگن و ئیلهان عومەر لە مینیسۆتا، هاوکات لە رێگەی بەخشینی دارایی بچووکەوە سەدان هەزار دەنگدەری نوێی راکێشایە نێو کایەکەوە.
ناکۆکیی قووڵی پایکەر لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و پارتی کۆماری تەنیا جیاوازییەکی سیاسیی ئاسایی نییە، بەڵکو ناکۆکییەکی بنەڕەتییە لەسەر فەلسەفەی دەسەڵات. پایکەر سیاسەتەکانی کۆمارییەکان بە خزمەتکردنی بێسنووری ملیاردێرەکان و پشتگوێخستنی چینی کرێکار و برەودان بە گوتاری جیاکاری و نەژادپەرستی دەزانێت. لە دیدی ئەودا، ئابووریی ترەمپ و پاشەکشەی کۆمارییەکان لە دابینکردنی چاودێریی تەندروستی، ژیانی بنەڕەتیی هاووڵاتیی ئاسایی وێران دەکات؛ هەربۆیە بەرەنگاربوونەوەی ترەمپ بۆ ئەو پێش نۆرەیە.
لەلایەکی دیکەشەوە، کۆمارییەکان پایکەریان کردووەتە "مۆتەکەی کەمپینەکانیان" بۆ لێدان لە دیموکراتەکان؛ کەمپینی کۆمارییەکان بە ڤیدیۆیەکی کۆنی 2019ی پایکەر لەبارەی رووداوەکانی 11ی سێپتێمبەر شاشەکانی تەلەڤیزیۆنیان تەنیوە. رۆژى چوارشەممە 28ى ئۆکتۆبەر، پایکەر سکاڵایەکى یاسایی لەسەر سکۆت جێنینگس، بێژەری کەناڵى (سی ئێن ئێن) تۆمارکرد کە داواى زیاتر لە 72 ملیۆن دۆلارى لێدەکات لە بەرامبەر ناوزڕاندنى بە بڵاوکردنەوەى ڤیدیۆیەکى دەستکاریکراوى پایکەر کە تێیدا داواى گەڕاندنەوەى لەسێدارەدان لە شوێنى گشتى دەکات.
پایکەر ئەم کارانەى کۆمارییەکانى بە "بێئومێدیی سیاسی" ناوبرد و رایگەیاند، ئامانجى کۆمارییەکان لابردنی سەرنجی خەڵکە لە کێشە راستەقینەکانی تەندروستی و بژێوی و رەتیکردەوە هیچ سازشێک لەسەر بۆچوونەکانی بکات.
مۆدێلی "جۆ رۆگان" بە شێوازی چەپڕۆکان
پێگەی ئێستای پایکەر دووبارەکردنەوەی هەمان ئەو رێچکەیەیە کە جۆ رۆگان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا بۆ ترەمپی کێشا. کاتێک ترەمپ بە چاوپێکەوتنێکی سێ کاژێری لەگەڵ جۆ رۆگان و بەدەستهێنانی پشتیوانیی ئەو، 15% پێشتیوانی گەنجانی خوار 35 ساڵی بەدەستهێنا، هەردوو حیزبە گەورەکە درکیان بەوە کرد کە ئیدی چارەنووسی دەسەڵات بە پۆدکاست و ستریمەکانەوە بەستراوەتەوە. ئێستا پایکەر وەک وەڵامی چەپ بۆ مۆدێلەکەی جۆ رۆگان کار دەکات، بەڵام بۆ دیموکراتەکان .
سەرەڕای ئەوەی پایکەر سەرچاوەی جۆشدانی گەنجانە، بەڵام بووەتە مایەی سەرئێشە بۆ سەرکردە نەریتی و میانڕەوەکانی نێو پارتی دیموکرات. کەسایەتییە میانڕەوەکانی وەک ئەیمی کلۆبوشار و هەیلی ستیڤنس لێی دوور دەکەونەوە تاوەکو دەنگی ناوچە دەوڵەمەند و بێلایەنەکان لەدەست نەدەن. پایکەر ئەم ترسنۆکییەی دیموکراتەکان بە هەڵەیەکی کوشندە دەزانێت و دەڵێت ناچارکردنی پارتەکە بەرەو راستڕەوی و سازشکردن لەسەر پرسەکانی وەک کۆچبەران و مافی مرۆڤ، لەدەستدانی بەهاکانی ئەمریکایە نەک سەرکەوتن.
پایکەر رەتیدەکاتەوە خۆی وەک بڕیاردەری سەرەکی بناسێنێت و وەک بە پۆلیتیکۆی راگەیاندووە، "دروستکەری پادشاکان نیم." باوەڕی سەرەکیی ئەو ئەوەیە کە دیموکراتەکان ناتوانن تەنیا بە چەند پۆدکاست و دەرکەوتنێکی سۆشیاڵ میدیا لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەون، بەڵکو دەبێت بە سیاسەتی بوێرانەی وەک بیمەی تەندروستیی گشتگیر، کەمکردنەوەی جیاوازیی داهات و پاراستنی مافی کرێکاران متمانەی دەنگدەران بگەڕێننەوە، ئەگینا تەنانەت سوپای بەهێزی بینەرانی ئینتەرنێتیش ناتوانن بۆشایی نەبوونی سیاسەتی راستەقینە پڕبکەنەوە.


.webp&w=3840&q=75)