رووداو دیجیتاڵ
هان دۆنگ-هوون، پەرلەمانتاری کۆریای باشوور، داوای لە لی جێ-میۆنگ، سەرۆکی وڵاتەکەی کرد یاریی ڤیدیۆیی بەناوبانگی "Call of Duty: Modern Warfare 4" بکات، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە هەست بەو وێرانکارییە گەورەیە بکات کە لە کاتی کەمتەرخەمی لە ئامادەسازییە بەرگرییەکاندا لە بەرامبەر هێرشێکی چاوەڕوان نەکراوی کۆریای باکوور روودەدات.
هان لە پۆستێکدا لە فەیسبووک بە پشتبەستن بە سیناریۆی یارییەکە نووسیویەتی، "هیوادارم دیمەنی خاپووربوون و بوونە خۆڵەمێشی سیئۆل کە لەنێو یارییەکەدا دەبیندرێت، تەنیا لە خەیاڵدا بمێنێتەوە و نەبێتە راستی." هاوکات رەخنەی لەو کەسانەش گرت کە دەڵێن، یارییەکە دووژمنایەتی نێوان هەردوو وڵات قوڵتر دەکاتەوە و رایگەیاند، پەلاماری کۆریای باکوور لە 1950 مێژوویەکی راستەقینەیە و مەترسییە سەربازییەکانی پیۆنگیانگیش راستییەکی حاشاهەڵنەگرن؛ بۆیە دەبێت لەجیاتی تووڕەبوون لە یارییەکە، وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە کە ئایا ئەگەر ئەو رۆژە دووبارە ببێتەوە، ئێمە ئامادەین؟"
ئەم پەرلەمانتارە سەربەخۆیە رەخنەی تووندی لە سیاسەتی ئەمنیی ئیدارەی سەرۆک لی جێ-میۆنگ گرت و ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای ئەوەی کۆریای باکوور بە یاسا دەسەڵاتی بەکارهێنانی پێشوەختەی چەکی ئەتۆمیی پەسند کردووە، بەڵام سەرۆک چەکی ئەتۆمیی باکوور وەک "دوایین بژاردە" دەبینێت.
هەروەها پەرلەمانتارەکە رەخنەی لە هەوڵەکانی حکومەت گرت بۆ گواستنەوەی پێشوەختەی کۆنترۆڵی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی کاتی جەنگ (OPCON) و کەمکردنەوەی مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکانی نێوان سیئۆل و واشنتن. هۆشداریی دا لەوەى ئاشتی بە هیوای نادیار و پشتبەستن بە نیازی باشی بەرامبەر ناپارێزرێت، بەڵکو تەنیا بە پێشبینیکردنی خراپترین سیناریۆکان و ئامادەکاریی پتەو دێتە دی.
رووداوەکانی وەشانی نوێی Modern Warfare 4 بە هێرشێکی لەناکاوی کۆریای باکوور بۆ سەر سیئۆل لە رێگەی مووشەک و چەکی کارۆموگناتیسی (EMP) و دابەزاندنی چەکداران لە رێگەی تۆڕی تونێلەکانەوە دەستپێدەکات. هاوکات بینەران و یاریزانان سەرنجیان خستووەتە سەر لێکچوونە سەیرەکانی نێوان چیرۆکی خەیاڵیی یارییەکە و گۆڕانکارییە راستەقینەکانی ئەم دواییە؛ بە جۆرێک چیرۆکی یارییەکە باس لە ململانێیەکی دەسەڵات لە نێو بنەماڵەی فەرمانڕەوای باکوور دەکات کە تێیدا خوشکی سەرکردەی باڵا جڵەوی دەسەڵات دەگرێتە دەست و شەڕ هەڵدەگیرسێنێت، ئەمەش هاوکات بووە لەگەڵ دەنگۆی نەخۆشکەوتنی کیم جۆنگ ئوون و هەڕەشە تووندەکانی ئەم دواییەی کیم یۆ جۆنگی خوشکی دژ بە کۆریای باشوور.


.webp&w=3840&q=75)