رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا پێشبینییەکان ئاماژە بە ئەگەری کۆنترۆڵکردنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لەلایەن دیموکراتەکانەوە دەکەن، باڵی چەپ و پێشکەوتنخوازی پارتەکە خۆیان بۆ قۆناخێکی نوێ ئامادە دەکەن. ئامانجی سەرەکییان ئەوەیە هێز و دەنگی خۆیان لە کۆنگرێس بەکاربهێنن بۆ ئەوەی کۆمەڵێک یاسای بنەڕەتی و گرنگ تێپەڕێنن کە ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەگۆڕێت.
ئەم باڵە بەهێزەی ناو دیموکراتەکان دەیانەوێت تەنانەت هاوپەیمانە میانڕەوەکانی ناو پارتەکەی خۆشیان ناچار بکەن هەڵوێستی روون لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان وەربگرن، تاوەکو رێگە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2028 و هاتنە سەرکاری سەرۆکێکی نوێ لە 2029 خۆش بکەن.
گرنگترین ئەو پرۆژە یاسا و پلانانەی کە دیموکراتەکان دەیانەوێت بیخەنە دەنگدانەوە بریتین لە:
کەرتی تەندروستی؛ بیمەی گشتی بۆ هەمووان
ئەم پرۆژەیە داوا دەکات خزمەتگوزاریی تەندروستی وەک مافێکی سەرەکی بۆ هەموو هاووڵاتییەکی ئەمریکی دابین بکرێت و کۆتایی بە دەسەڵاتی کۆمپانیا تایبەتەکانی بیمە بهێنرێت. پرامیلا جایاپال، ئەندامی کۆنگرێس لە باڵی چەپ بە میدیاى وڵاتەکەى راگەیاندووە، خەڵکی لە کۆمپانیا تایبەتەکانی بیمە و خەرجییە زۆرەکانیان بێزار بوون. وەک هەنگاوی یەکەمیش، پێشنیازیان کردووە تەمەنی بەکارهێنانی بیمەی دەوڵەت لە 65 ساڵەوە بۆ 50 ساڵ کەمبکرێتەوە تاوەکو زۆرترین هاووڵاتی سوودمەند بن.
هەڵوەشاندنەوە یان کەمکردنەوەی دەسەڵاتی پۆلیسی کۆچبەری (ICE)
دوای هەڵمەتە تووندەکانی دیپۆرتکردنەوە، یاسادانەرانی پێشکەوتنخواز پرۆژەیاسایەکیان ئامادە کردووە بە ناوی "تواندنەوەی ئایس" (Melt ICE)، کە داوا دەکات ئەو بودجەیە رابگیرێت کە بۆ دەستبەسەرکردن و چاودێریکردنی کۆچبەران خەرج دەکرێت. هەندێک لە ئەندامانی پارتەکە تەنانەت داوای هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکیی دەزگاکە و وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانیش دەکەن، هەرچەندە باڵی میانڕەوی دیموکراتەکان تائێستا دوودڵن لەم هەنگاوە.
بڕینی هاوکارییە سەربازییەکانی ئیسرائیل
لە سیاسەتی دەرەوەدا، باڵی چەپ کار لەسەر پرۆژەیاسای "راگرتنی بۆمبەکان" دەکات، کە رێگری لە سەرۆکی ئەمریکا دەکات چەک بۆ ئیسرائیل بنێرێت. هۆشداری دەدەن لەوەى سەردەمی پشتیوانیی بێ مەرج بۆ ئیسرائیل بەسەرچووە و ناکرێت لە کاتی جەنگ و تەنگژەکاندا چەکی ئەمریکی بەردەوام رەوانە بکرێت. جایاپال هۆشداریی داوە لەوەى ئەگەر سەرکردایەتیی دیموکراتەکان هەوڵ بدات بە دەنگی کۆمارییەکان یارمەتییەکان بۆ ئیسرائیل تێپەڕێنێت، درزێکی گەورە لە ناو پارتەکەدا دروست دەبێت.
کۆنترۆڵکردنی ژیری دەستکرد و سنووردارکردنی دەسەڵاتی پارە
لە پاڵ ئەم پرسانەدا، دیموکراتە پێشکەوتنخوازەکان چەندین هەنگاوی دیکەیان خستووەتە بەرنامەی کارەوە، لەوانە بەرزکردنەوەی ئاستی کەمترین مووچە، دابینکردنی خزمەتگوزاریی بەخێوکردنی منداڵ بێبەرامبەر و زیادکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوونی هەرزان بۆ کەمدەرامەتان.
هاوکات، دانانی سنوور بۆ تەکنەلۆژیا نوێیەکان (ژیری دەستکرد) و راگرتنی دروستکردنی سەنتەرە گەورەکانی داتا، بۆ پاراستنی هەلی کار و مافی خێزانەکان. هەروەها قەدەخەکردنی ئەو کۆمپانیا و سەرمایەدارانەی ملیۆنان دۆلار لە کەمپینەکاندا خەرج دەکەن بۆ ئەوەی بڕیاری سیاسی بە ئارەزووی خۆیان بگۆڕن.
هەرچەندە تێپەڕاندنی هەموو ئەم پرۆژانە بەهۆی جیاوازیی بۆچوون لە نێوان باڵی میانڕەو و باڵی چەپی دیموکراتەکان ئاسان نابێت، بەڵام پێشکەوتنخوازەکان سوورن لەسەر ئەوەی دوای بردنەوەی هەڵبژاردنەکان، ئەم پرسانە بخەنە پێشەنگی کارەکانی کۆنگرێس و کارنامەی حکومڕانیی داهاتووی ئەمریکا دیاری بکەن.
ئەم پێداگرییەی پێشکەوتنخوازەکان دەرئەنجامی ململانێیەکی قووڵی ناوخۆیی چەندین ساڵەی دیموکراتەکانە؛ باڵی چەپ پێی وایە کاتی سازشکردن و پارێزگاریکردن لە سیستەمی کۆن بەسەرچووە و حزبەکەیان لە رابردوودا بەهۆی خۆبەدوورگرتن لە چاکسازییە ریشەییەکان، جەماوەرەکەی خۆی ساردکردووەتەوە.
لە لایەکی ترەوە، ئەم پرۆژەیاسایانە بەستراونەتەوە بە نەخشەڕێگەیەکی درێژخایەنی سیاسی بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە واشنتن. پاشەکشەی متمانەی گشتی بە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بیمەی تەندروستی، ناڕەزایەتییە تووندەکانی شەقام بەرامبەر سیاسەتی ناردنى چەک بۆ ئیسرائیل و کەمپینی دیپۆرتکردنەوە، بوونەتە سەکۆیەک بۆ چەپەکان تاوەکو سیاسەتی باوی واشنتن بگۆڕن.


.webp&w=3840&q=75)