رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای لەندەن تانەی هەرسێ کۆمپانیای مێتا، تیکتۆک و ئێکسی دژی دەستەی چاودێری و رێکخستنی پەیوەندییەکانی بەریتانیا (ئۆفکۆم) رەتکردەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی کۆمپانیاکان ئامادە نەبوون بەشێک لە زانیارییەکانی پاراستنی بەکارهێنەران رادەستی حکومەت بکەن.
بڕیارەکە بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ دەستەی "ئۆفکۆم" دادەنرێت لە یەکەمین تاقیکردنەوەی یاسای نوێی بەریتانیادا بۆ ئاسایشی ئۆنلاین (Online Safety Act)، کە لە ساڵی 2023 دەرچووە و ئامانجی پاراستنی بەکارهێنەران، بەتایبەتی منداڵانە لە ناوەڕۆکی زیانبەخش و نایاسایی لەسەر سۆشیال میدیا.
لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، دەستەی ئۆفکۆم داوای زانیاریی وردی لە مێتا، تیکتۆک و ئێکس کردبوو سەبارەت بە پێوەرەکانی چاودێریکردنی ناوەڕۆک، لەوانە: ژمارەی ئەو پۆستانەی سڕدراونەتەوە یان بینینیان سنووردار کراوە، لەگەڵ ئەو داتایانەی کە دەریدەخەن چەند بەکارهێنەر رووبەڕووی ناوەڕۆکی زیانبەخش بوونەتەوە.
لە بەرامبەردا، هەرسێ کۆمپانیاکە پەنایان بۆ دادگە برد و رایانگەیاند، داواکارییەکانی ئۆفکۆم "بارگرانییەکی بێوێنە" لەسەر شانیان دروست دەکات. کۆمپانیای ئێکس ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەمە "قورسترین داواکارییە لە مێژوودا رووبەڕوویان بووبێتەوە" و جێبەجێکردنی بە ملیۆنان پاوەند لەسەریان دەکەوێت.
سەرەڕای ئەو پاساوانە، دادگە تانەکەی رەتکردنەوە و بڕیاری دا کە داواکارییەکانی ئۆفکۆم ناڕەوا نین و دەبێت جێبەجێ بکرێن.
بەپێی یاسا نوێیەکەی بەریتانیا، ئەو کۆمپانیایانەی پێشێلکاریی گەورە دەکەن، رەنگە بە بڕی تاوەکو 10٪ـی تەواوی داهاتی ساڵانەی جیهانییان سزا بدرێن.
لە کاردانەوەی بڕیارەکەدا، گوتەبێژێکی مێتا رایگەیاند: "لە بڕیارەکەی دادگە بێئومێد بووین؛ ئێمە و کۆمپانیاکانی دیکەش تانەمان لێدا چونکە کۆکردنەوەی زانیاری بەو قەبارەیە، لەوە زیاترە کە پێویست یان گونجاو بێت."
هاوکات کۆمپانیای تیکتۆک رایگەیاندووە لە بڕیارەکەی دادگە دەکۆڵێتەوە و پلاتفۆرمی ئێکسیش هیچ لێدوانێکی لەو بارەیەوە نەداوە.
جگە لەم کەیسە، کۆمپانیای مێتا لە چەند دۆسیەیەکی دیکەدا، لەوانە چۆنیەتی پۆلێنکردنی پلاتفۆرمی "واتسئەپ" لە یاساکەدا و چۆنیەتی دیاریکردنی سزاکان، لە کێشمەکێشی یاساییدایە لەگەڵ بەریتانیا.



