رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا، کۆریای باشوور و ژاپۆن پابەندبوونی پتەوی خۆیان بە پرۆسەی "داماڵینی تەواوەتیی چەکی ئەتۆمی" لە کۆریای باکوور دووپاتکردەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە پیۆنگیانگ دەستبەرداربوون لە چەکە ئەتۆمییەکانی بە "مەحاڵ" دەزانێت و دەنگۆی کۆبوونەوەیەکی نوێی نێوان دۆناڵد ترەمپ و کیم جۆنگ ئون رووی لە زیادبوونە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گرووپی 20 لە ویلایەتی جۆرجیا، لەگەڵ چۆ هیون، وەزیری دەرەوەی کۆریای باشوور و تۆشیمیتسۆ مۆتێگی، هاوتای ژاپۆنیی خۆی کۆبووەتەوە.
هەرسێ هاوپەیمانەکە جەختیان لە جێبەجێکردنی تەواوەتیی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووەتەوە بۆ بڕینی سەرچاوە داراییەکانی پەرەپێدانی مووشەکی بالیستی و بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆریای باکوور.
دەنگۆی دیداری چوارەمی ترەمپ و کیم
ئەم هەڵوێستە هاوبەشەی واشنتن، سیئۆل و تۆکیۆ هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەگەری سازدانی دیدارێکی نوێ لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکوور لە پەراوێزی لووتکەی داهاتووی ئاپیک (APEC) لە چین.
ترەمپ پێشتر کۆریای باکووری وەک "جۆرێک لە دەسەڵاتی ئەتۆمی" ناو بردووە و رایگەیاندبوو کە "100٪ کراوەیە" بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ کیم؛ هاوکات شیکارییە هەواڵگرییەکانی کۆریای باشوور ئاماژە بەوە دەکەن کە کیم جۆنگ ئون لە سەردانەکەیدا بۆ شاری داندۆنگی سەر سنووری چین، پەیامی خۆی لەبارەی ئەگەری دانوستاندن لەگەڵ ترەمپ گەیاندووەتە پەکین.
لە بەرامبەردا، پیۆنگ یانگ راگەیێندراوی وڵاتانی چاودێری جێبەجێکردنی سزاکانی بە تووندی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، "سزاکانی ئەمریکا و رۆژئاوا بە هیچ شێوەیەک کار لە پێگەی کۆریای باکوور وەک دەوڵەتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی ناکات."
مێژووی ناکۆکی و دانوستاندنەکان
پرسی چەکی ئەتۆمیی کۆریای باکوور مێژوویەکی درێژی لە شکستی دانوستاندنەکان هەیە؛ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا سێ دیدار (لە سینگاپوور، هانۆی و ناوچەی سنووریی هەردوو کۆریا) لەگەڵ کیم جۆنگ ئون کران، بەڵام لووتکەی هانۆی لە ساڵی 2019 بەهۆی ناکۆکی لەسەر چۆنیەتیی هەڵگرتنی سزاکان بەرامبەر بە هەڵوەشاندنەوەی بنکە ئەتۆمییەکان بێ ئەنجام کۆتایی هات.
لەو کاتەوە، کۆریای باکوور بە پاڵپشتیی ڤیتۆی رووسیا و چین لە ئەنجوومەنی ئاسایش، نەک تەنیا لە داماڵینی چەک پاشەکشەی نەکردووە، بەڵکو پێگەی خۆی وەک دەوڵەتێکی ئەتۆمی لە دەستووردا چەسپاندووە و توانای مووشەکە کیشوەربڕەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزکردووەتەوە.



