رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا لە پەراوێزى بانگەشەى هەڵبژاردنەکاندا لە ویلایەتى فلۆریدا لە وەڵامی پرسیارى ئەوەى ئایا بیری لەوە کردووەتەوە نیکی میناج، گۆرانیبێژى ئەمریکی بکاتە گوتەبێژى کۆشکى سپى؟ بە میدیاى وڵاتەکەى راگەیاند، "بیرۆکەیەکى زۆر باشە و زیاتر بیرى لێدەکەمەوە."
دەنگۆی ئەگەری دانانی نیکی میناج لە پۆستی گوتەبێژی کۆشکی سپی، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ناوەندە سیاسییەکانی ئەمریکای تەنیوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لە بانگەشەیەکی هەڵبژاردندا لە تەنیشت دۆناڵد ترەمپ دەرکەوت و لەلایەن راوێژکارانی باڵای سەرۆکی ئەمریکاوە پێشنیازی وەرگرتنی ئەو پۆستەی بۆ کرا.
لە گردبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە ویلایەتی میشیگن، نیکی میناج لەسەر سەکۆی بانگەشەکردنەکە بەشداریی لەگەڵ ترەمپ کرد. ترەمپ لە بەردەم لایەنگرانیدا پێشوازییەکی گەرمی لە میناج کرد و سەرنجی ئامادەبووانی بۆ شێوازی دەرکەوتنی راکێشا، پێش ئەوەی بانگهێشتی سەر سەکۆکەی بکات بۆ پێشکەشکردنی گوتارێک.
میناج لە گوتارەکەیدا ستایشی زۆری ترەمپی کرد و گوتی، "ترەمپ وزەی ئەم وڵاتەی گۆڕیوە و ئایندەیەکی پێبەخشیوین تاوەکو چاوەڕوانی بکەین؛ بۆ من شانازییەکی گەورەیە کە لە تەنیشتی بوەستم و تا سەر ئێسقان پشتیوانی لێدەکەم."
ئەو گۆرانیبێژە کە پێشتریش خۆی وەک "هەواداری ژمارە یەکی سەرۆک" ناساندبوو، ترەمپی بە "قۆز و سەرنجڕاکێش" ناوبرد کرد و گوتى، ئەو باش دەزانێت چۆن ئیدارەی وڵات و ئابووری بدات.
دوای گردبوونەوەکە، ستیڤن چیۆنگ، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی، گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەناو فڕۆکەی سەرۆکایەتی لەگەڵ میناج بڵاوکردەوە و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بە شێوازێکی پڕ لە سەرنج نووسی، "خانمان و بەڕێزان، پێموایە ئێمە گوتەبێژی نوێی کۆشکی سپیمان دۆزییەوە." هاوکات ئەلێکس بروسێویتز، راوێژکاری ترەمپیش، پێشوازی لە بیرۆکەکە کرد و پرسیاری لە هەوادارانی میناج کرد دەربارەی ئەو هەنگاوە.
ئەم پێشنیاز و باسە لە کاتێکدا دێت کە کیتی زاکاریا، گوتەبێژی پێشووی کۆشکی سپی، تەنیا دوای پێنج رۆژ لە دەستبەکاربوونی دەستی لەکارکێشایەوە. ئەم پۆستەش لە 16ى ئۆکتۆبەرەوە بە بەتاڵى ماوەتەوە. بەپێی بازاڕەکانی پێشبینی، ئەگەری دەستبەکاربوونی میناج کەمە، بەڵام مشتومڕێکی بەرفراوانی لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی کۆشکی سپی دروستکردووە.



