رووداو دیجیتاڵ
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، بەهۆی زنجیرەیەک بۆردوومانی رووسیا بۆ سەر ناوەندێکی دابەشکردنی هاوکاریی مرۆیی لە باشووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا، لانیکەم 18 کەس کوژراون و دەیانی دیکەش بێسەروشوێنن.
هێرشەکان گوندی کۆمیشوڤاخایان لە پارێزگای زاپۆریژیا کردووەتە ئامانج. سەرۆکی ئۆکراینا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە، گوندەکە بە چەندین بۆمب بۆردوومان کراوە و قوتابخانەیەک کراوەتە ئامانج کە وەک بنکەیەکی مرۆیی بەکاردەهێندرا بۆ گەیاندنی هاوکاری بە دانیشتووانی ناوچەکە.
زیلینسکی ئاشکرای کرد کە رووسیا تەکتیکی هێرشی دوو قۆناخی بەکارهێناوە و گوتی: "دوای بۆردوومانی یەکەم، بە نۆ بۆمبی دیکە هێرش کرایەوە سەر ئەو پەناگەیەی خەڵکەکەی تێدابوو. بەداخەوە تاوەکو ئێستا گیانلەدەستدانی 18 کەس تۆمار کراوە."
هاوکات میخایلۆ سێمیکین، پارێزگاری ناوچەکە لە تەلەگرامەوە رایگەیاند، لەنێو کوژراوەکاندا ئەفسەرێکی پۆلیس و دوو کارمەندی فریاگوزاری هەن، جیا لەوە پێنج کەس بریندارن و چارەنووسی 27 کەسی دیکەش نادیارە.
بە گوتەی سەرۆکی ئۆکراینا رووسەکان ئاگاداری ئەوە بوون خەڵکی ناوچەکە هەموو هەفتەیەک لەوێ هاوکاری وەردەگرن و گوتی: "ئەم کوشتارە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی رووسیا نایەوێت دۆخەکە هێور ببێتەوە و بەدوای هیچ ئاشتییەکی راستەقینەوە نییە، بەڵکو پشت بە کوشتنی زیاتر دەبەستێت."



