رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای ئەنترۆپیک کە یەکێکە لە پێشەنگەکانی بواری ژیریی دەستکرد لە جیهاندا، رایگەیاند، داهاتی سێ مانگی رابردووی بە رێژەی زیاتر لە 1,100٪ بەرزبووەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە کۆمپانیاکە لە کۆتایی ئەم مانگەدا پشکەکانی دەخاتە نێو بۆرسەی وۆڵ ستریتەوە.
ئەم کۆمپانیایە لە ساڵی 2021 لە شاری سان فرانسیسکۆ لەلایەن داریۆ ئامۆدێی و دانیێلای خوشکییەوە دامەزراوە، کە پێشتر توێژەر بوون لە کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای (دروستکەری چات جی پی تی) و ئامانجی سەرەکییان سەلامەتیی بەکارهێنانی ژیریی دەستکردە.
داهاتی ئەنترۆپیک لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە 17 ملیار دۆلار، لە کاتێکدا هەمان ماوەی ساڵی رابردوو تەنیا 1.4 ملیار دۆلار بووە؛ بەڵام بەهۆی رکابەریی تووندی ئۆپن ئەی ئای و مۆدێلە هەرزانەکانی چین، خێرایی گەشەی فرۆشی کەمێک خاو بووەتەوە.
سەرەڕای بەرزبوونەوەی داهات، کۆمپانیاکە رایگەیاندووە لە ماوەی سێ مانگدا زیاتر لە 23 ملیار دۆلار زیانی پێگەیشتووە، کە زۆربەی پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی بەهای پشکەکان و کاروباری دیجیتاڵییەوە هەبووە، جیا لەوەش 567 ملیۆن دۆلار زیانی کارپێکردنی هەبووە بەهۆی کرێی بەکارهێنانی توانای کۆمپیوتەری و داتاسەنتەرەکان.
هاوکات ئەنترۆپیک پابەندبوونی خۆی بە خەرجکردنی نزیکەی 895 ملیار دۆلار راگەیاندووە کە زۆربەی بۆ توانای کۆمپیوتەرییە و دەبێت 70 ملیار دۆلاری ئەو پارەیە پێش مانگی ئەیلوولی 2027 خەرج بکرێت.
بەپێی میدیا جیهانییەکان، ئەم کۆمپانیایە پلانی هەیە لە یەکەم خستنەڕووی پشکەکانیدا لە بۆرسە، نزیکەی 100 ملیار دۆلار کۆبکاتەوە و بەمەش بەهای گشتیی کۆمپانیاکە دەگاتە نێوان 1.5 بۆ 2 تریلیۆن دۆلار، بەمەش دەبێتە گەورەترین فرۆشتنی پشک لە مێژوودا و ریکۆردی کۆمپانیای سپەیس ئێکس دەشکێنێت.
سەبارەت بە بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکەش، هەردوو خوشک و برا دامەزرێنەرەکە لە رێگەی پشکێکی تایبەتەوە 50.1٪ـی مافی دەنگدان بۆ خۆیان دەهێڵنەوە، بەمەش ئەو کەسانەی لە بۆرسە پشکەکان دەکڕن، دەسەڵاتێکی ئەوتۆیان لە بڕیارە چارەنووسسازەکانی کۆمپانیاکەدا نابێت.



