رووداو دیجیتاڵ
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ ئێران "بەرەوپێشچوون هەیە" و هیوادارن زیاتریش بەدەست بێت.
پێش ئەوەی سەر فڕۆکەکەی بکەوێت بۆ ئەوەی لە ئۆهایۆوە بگەڕێتەوە بۆ بنکەی هاوبەشی ئەندرووز، ڤانس ئاماژەی بەوە کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا "چەندین بژاردەی بەهێزی" لە بارەی پرسی ئێران لەبەردەستدایە ئەگەر بیەوێت بەکاریان بێنێت.
ڤانس گوتی: "چەند گفتوگۆیەکی باشمان لەگەڵ ئێرانییەکاندا هەبووە. نزیکەی کاژێرێک لەمەوبەر لەم بارەیەوە قسەم لەگەڵ سەرۆک کرد."
جێگری سەرۆکی ئەمریکا هەروەها رایگەیاند: "من و سەرۆک هەستێکی باشمان هەیە لە بارەی ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتنێکی دانوستاندن لەسەرکراو. ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەسەری. چونکە بێگومان نازانی چی لە داهاتوودا روودەدات، لەبەر ئەوەی ئێرانییەکان زۆر پێشبینــــیــــنەکراون."
بەڵام ڤانس هۆشداریشیدا کە ترەمپ "بژاردەی سەربازی لەبەردەستدایە، بژاردەی ناسەربازیشی لەبەردەستە؛ بەڵام بە دڵنیاییەوە هەندێک پێشکەوتنمان بەدەستهێناوە و دەبینین ئاخۆ دەتوانین پێشکەوتنی زیاتریش بەدەستبهێنین."
گوتیشی، هیچ وادەیەکیان وەک دوایین مۆڵەت بۆ تاران دیاریی نەکردووە تا بە رێککەوتنێک رازی بن، بەڵکو تەنیا "ئەوەمان خستووەتە روو کە دەمانەوێت،" ئەویش ئەوەیە، نابێت ئێران هەوڵی بونیادنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات.



