رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای ئەمریکا، تەنیا چەند کاژێرێک پێش دەستپێکردنی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول، داواکارییەکی بەپەلەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی بۆ هەژمارنەکردنی دەنگی 20 هەزار کەس لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا رەتکردەوە.
ئیدارەی ترەمپ لە رێگەی وەزارەتی دادەوە داوای کردبوو ئەو دەنگانە رابگیرێن و نەژمێردرێن بەو بیانووەی ئەو کەسانە، کە لە رێگەی پۆستەوە دەنگیان داوە، "هاووڵاتیی ئەمریکی نین"؛ بەڵام دادگەی باڵا رەتیکردەوە هیچ دەستوەردانێک لە تۆماری دەنگدەرانی کالیفۆڕنیا، کە ویلایەتێکی زۆرینە دیموکراتە، بکات.
ئەم بڕیارەی دادگەی باڵا دوای زنجیرەیەک شکستی یاسایی ئیدارەی ترەمپ دێت لە دادگەکانی خوارەوە. پێشتر دادگەی تێهەڵچوون بە زۆرینەی دوو دەنگ بەرامبەر یەک دەنگ، هەروەها دادوەرێکی فیدراڵیش داواکارییەکەی وەزارەتی دادیان رەتکردبووەوە، بەو پێیەی گۆڕانکاریی لەناکاو لە کاتی هەڵبژاردندا "پشێوی و پاشاگەردانیی گەورە" دروست دەکات و مافی دەنگدان لە هاووڵاتییانی راستەقینە زەوت دەکات.
کالیفۆڕنیا: لیستەکەی ترەمپ جێگەی متمانە نییە
بەرپرسانی کالیفۆڕنیا جەختیان لەوە کردەوە ئەو لیستەی ئیدارەی ترەمپ ئامادەی کردووە، بە هیچ شێوەیەک جێگەی متمانە نییە و ناوی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی راستەقینەی تێدایە. هاوکات لە رووی لۆجستییەوە جیاکردنەوەی ئەو دەنگانە بە مەحاڵ زانرا، بەتایبەت کە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمەوە زیاتر لە 23 ملیۆن کارتی دەنگدان بە پۆستە نێردراون و سەتان هەزار دەنگیش پرۆسێس کراون.
لە بەرامبەردا، بیڵ عیسایلی، داواکاری گشتیی فیدراڵی لە نووسینگەی لۆس ئەنجلسی وەزارەتی داد لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "متمانەیەکی زۆرمان هەیە ئەو کەسانەی لە لیستەکەدان مافی دەنگدانیان نییە. سیستمی تۆمارکردنی کالیفۆڕنیا کێشەی هەیە و ئاسانکاری بۆ ئەم تاوانانە دەکات." لەگەڵ ئەوەشدا بیڵ دانی بەوەدا نا کە رەنگە هەڵە لە لیستەکەیاندا هەبێت.
لە کاتی تاوتوێکردنی کەیسەکە لە دادگەی تێهەڵچوونیش، خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوە بوو تەنانەت دادوەرێک کە لەلایەن خودی دۆناڵد ترەمپەوە دەستنیشانکرابوو، لەگەڵ دادوەرێکی دەستنیشانکراوی جۆ بایدن دژی داواکارییەکەی وەزارەتی داد دەنگیان دا.
هەرچەندە ئیدارەی ترەمپ لە خولی دووەمیدا هەوڵەکانی بۆ دۆزینەوەی دەنگدەرانی بێ وڵاتینامە چڕکردووەتەوە (سەرەڕای ئەوەی بەپێی ئامارەکان دیاردەیەکی زۆر دەگمەنە)، بەڵام دادوەرانی دادگەی باڵا پێشتریش هەوڵەکانی ناوبراویان بۆ سنووردارکردنی دەنگدان لە رێگەی پۆستەوە رەتکردبووەوە.



