رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی کۆریای باشوور رایگەیاند، بە مەبەستی هاوکاریکردن لە بە کراوەیی هێشتنەوەی تەنگەی هورمز، فڕۆکەیەکی چاودێریی دەریایی و تیمێکی تایبەت بە پووچەڵکردنەوەی مین لە نزیک ئەو رێڕۆیە ئاوییە جێگیر دەکات.
حکومەتی سیئۆل لە راگەیێندراوەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانی بە هیچ شێوەیەک دەست لە جەنگی دژی ئێراندا وەرنادەن، بەڵکو ئامانجی سەرەکییان پاراستنی هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان و دابینکردنی وزەیە لە یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهاندا.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران کە لە 28ـی شوباتەوە هەڵگیرساوە، بووەتە هۆی پەککەوتنی گەشتی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە تەنگەکە کە پێشتر نزیکەی پێنجیەکی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕی.
فراوانکردنی ئەرکی یەکەی دەریایی "چیۆنگهای"
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کۆریای باشوور پشتڕاستی کردەوە کە حکومەت لە پلاندایە مەودای ئەرکی یەکەی دەریایی "چیۆنگهای" فراوان بکات، کە پێشتر لە کەنداوی عەدەن لە دژی چەتەکانی دەریا کاری دەکرد، تاوەکو ئاوەکانی نزیک تەنگەی هورمزیش بگرێتەوە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی یۆنهاپ-ی کۆری، ئەرکە نوێیەکە کەشتییەکی جەنگیی تێکشكێنەر، فڕۆکەیەکی چاودێریی دەریایی لە جۆری (P-8)، تیمێکی پووچەڵکردنەوەی مین و بەلەمی بێسەرنشین لەخۆدەگرێت، هاوکات درێژکردنەوەی مۆڵەتی ئەو هێزە بۆ ساڵی داهاتوو پێویستی بە رەزامەندیی پەرلەمانی وڵاتەکە دەبێت.
بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی کۆریای باشوور کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئەم هەنگاوە تەنیا بۆ پاراستنی هاووڵاتییانمان و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانمانە." گوتیشی کە ئەرکی یەکەکە بە تەواوی ناسەربازییە و بە سەربەخۆ لە هێزە هاوپەیمانەکان کار دەکات.
سنووری ئۆپەراسیۆنەکان و پرەنسیپی بێلایەنی
ئەو بەرپرسە روونیشیکردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکان تەنیا لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی باشووری عومان دەبن و بە تەواوی قەدەخەیە فڕۆکەکانی چاودێری لە کاتی ئەرکەکانیاندا چاودێریی خاکی ئێران، ئاوە هەرێمییەکانی یان نێوخۆی تەنگەی هورمز بکەن.
پێشتر لە مانگی ئەیلوولدا، لی جای میۆنگ، سەرۆکی کۆریای باشوور دووپاتیکردبووەوە کە وڵاتەکەی هێز بۆ هیچ دەستوەردانێکی سەربازی نانێرێت و گوتی: "تاوەکو ئێستا پابەند بووین بە بنەمای دەستوەرنەدان لە جەنگەکە و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبین."
ئەم هەنگاوەی سیئۆل لە کاتێکدایە کە پێشتر تاران هۆشداریی دابووە کۆریای باشوور لە هەر جووڵەیەکی لەو شێوەیە لە ناوچەکەدا.



