رووداو دیجیتاڵ
هاتووچۆی هەولێر دەستی بەسەر ئۆتۆمبێلێکی ژمارە بەغدا گرتووە کە سزایەکی دارایی زۆری سەرپێچیی لەسەر بووە. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێ، "خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە 64 ملیۆن و 188 هەزار دینار پێبژاردنی داوە."
ئەمڕۆ دووشەممە 25-05-2026 هێمن ئەمین، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو ئۆتۆمبێلە بڕی 80,235,000 (هەشتا ملیۆن و دووسەت و سی و پێنج هەزار) دینار سزای سەرپێچیی یاسای هاتووچۆی لەسەر بوو، هەر بۆیە رەوانەی گەراجی دەستبەسەرداگرتن کرا."
بە گوتەی هێمن ئەمین، "شۆفێرەکە کەوتبووە نێو بازگەیەکی پۆلیسی هاتووچۆ و داوای مۆڵەتی لێکرابوو. دیار بوو هەر لە بنەڕەتدا مۆڵەتی نەبوو؛ بەو هۆیەوە دەست بە بەدواداچوون کرا."
گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر گوتیشی، "شۆفێرەکە هاووڵاتییەکی عەرەبە، کاتێک لە کۆمپیوتەر سەیری سەرپێچییەکانی کراوە، دەرکەوتووە زیاتر لە 80 ملیۆن دینار سزای سەرپێچیی لەسەرە."
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەرێمی كوردستان، سزای شۆفێریکردن بێ مۆڵەت، لە یاسای ژمارە (86)ی هاتووچۆی ساڵی 2004دا كۆمەڵێک بڕگەی بۆ دیاری كراوە، كە بەشی (21)ـە لە یاساكەیە.
هەر كەسێک بێ مۆڵەتی شۆفێری بکات یان مۆڵەتی لێ سەنرابێتەوە یان هەڵوەشێنرابێتەوە، سزاکەی دەستبەسەرکردنە بۆ مانكێگ كەمتر نەبێت و لە شەش مانگیش زیاتر نەبێت.
موقەدەم هێمن ئەمین گوتی، "ئەو شۆفێرە رادەستی دادگە کرا و سزای بێ مۆڵەتی وەرگرت. هاوکات لەو 80 ملیۆن و 235 هەزارەکە، داشکانی هاتووچۆ دەیگرتەوە کە بڕی داشکاندنەکە 20%ـە و دەیکردە 16,047,000 دینار، واتە خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە 64 ملیۆن و 188 هەزار دیناری دا".
ئەگەر شۆفێری ئۆتۆمبێل مانگەکە دەستبەسەر نەکرێ، بە بڕێک پارە كە كەمتر نەبێت لە 100 هەزار دینار و زیاتر نەبێت لە 150 هەزار دینار سزا دەدرء، یا هەردوو سزاكە دەیگرێتەوە.
رۆژی 02-04-2026 ئەو ئۆتۆمبێلە دەستی بەسەردا گیرا و تاوەکو 24-05-2026 رێکارەکانی بەسەردا جێبەجێ کرا، ئینجا ئۆتۆمبێلەکەی رادەست کرایەوە.
