رووداو دیجیتاڵ
بەراورد بە سەرەتای ئەم مانگە، کیلۆیەک مریشکی زیندوو لە هەرێمی کوردستان هەزار دینار بەرز بووەوە.
بەشدار رەشۆ، مریشکفرۆش لە شاری هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ کیلۆیەک مریشک دەدەینە 3 هەزار و 500 دینار."
هەر ئەمڕۆ دانا محەممەد، مریشکفرۆش لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کیلۆیەک مریشکی بە 3 هەزار و 450 دینار دەفرۆشین."
رۆژی 5ی ئەم مانگە کیلۆیەک مریشکی زیندوو لە دووکانەکانی هەرێمی کوردستان بە 2 هەزار و 450 دینار دەفرۆشرا.
مریشکفرۆشان هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکە بۆ زۆریی خواست دەگەڕێننەوە، بەتایبەت ئێستا کە نزیکین لە جەژنی قوربان.
لە هەرێمی کوردستان، خواستی زۆر لەسەر مریشکی زیندووە بەراورد بە بەستوو. بۆ دابینکردنی مریشکیش هەزار و 840 پەلەوەرخانە هەن.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ساڵانە زیاتر لە 105 ملیۆن مریشک لە هەرێمی کوردستان بەخێودەکرێن، کە بەرهەمەکەیان نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشتە.
ژمارەی پەلەوەرخانەکان بەپێی پارێزگاکان:
- هەولێر: 576 پەلەوەرخانە
- سلێمانی: 727 پەلەوەرخانە
- دهۆک: 344 پەلەوەرخانە
- هەڵەبجە: 35 پەلەوەرخانە
