رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق، میکانیزمی تایبەت بە جێبەجێکردنی دەسپێشخەرییەکەی موقتەدا سەدر بۆ تێکەڵکردنی (سەرایا سەلام) لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق تاوتوێ دەکات. بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێ: تاوەکو ئێستا هیچ شتێک لەوبارەوە بە ئەوان نەگوتراوە، بەو پێیەی پێشمەرگە هێزێکی دانپێداراوی فەرمییە، ئەگەریش باس بکرێ، "دەبێ بە یاسا بکرێت نەوەکو دانوستاندن."
رۆژی شەممە، 30ـی ئایاری 2026، نووسینگەی راگەیاندنی عەلی فالح زەیدی، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، پێشوازی لە شاندێکی نوێنەری موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە کردووە. کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و سکرتێری تایبەتی سەرۆکوەزیران بەڕێوەچوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە دیدارەکەدا "میکانیزمی تایبەت بە جێبەجێکردنی دەسپێشخەرییەکەی موقتەدا سەدر بۆ تێکەڵبوونی سەرایا سەلام بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و رادەستکردنی چەک بە دەوڵەت دانراوە، هەروەها لێژنەیەکی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە پێکهێنراوە."
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق جارێکی دیکە ستایشی ئەو هەڵوێستەی موقتەدا سەدری کرد و بە "هەڵوێستێکی نیشتمانی" وەسفی کرد.
رۆژی 27ـی ئایاری 2026، موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە، گرووپی چەکداریی سەرایا سەلامی لە رەوتەکەی دابڕی، بۆئەوەی بە تەواوی ببنە بەشێک لە دەوڵەت.
سەرایا سەلام گرووپێکی چەکداری سەر بە رەوتی نیشتمانیی شیعەیە، کە بەشێکە لە دەستەی حەشدی شەعبی و زۆربەی هێزەکانی لە سنووری قەزای سامەڕایە، کە مەزارگەی هەندێک لە ئیمامەکانی شیعەی لێیە.
لە دوای ساڵی 2014 گرووپی سەرایا سەلام بەشێک بوون لەو هێزانەی کە بەشداریی شەڕی دژی داعشیان کرد.
عەبدولڕەحمان جەزائیری، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی عەشایەری کە هاوکات بەرپرسێکی باڵای حەشدی شەعبیشە، بە رووداوی راگەیاند: "ئەم کارەی سەرایا سەلام دەسپێشخەرییەکە بۆ رەخساندنی هەل بە گرووپە چەکدارەکانی دیکە، کارنامەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش ئێستا هەوڵدانە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک نەوەک چەککردن، بەتایبەت ئەو گرووپانەی نەلکاون بە سیاسەتەوە، وەکو گرووپی نوجەبا."
عەبدولڕەحمان جەزائیری راشیگەیاند: "لیژنەیەک لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێکهێنراوە، کە من یەکێکم لە ئەندامانی نێو لیژنەکە، تێیدا تاوتوێی هەموو رێکارەکانی دابەشکردنی گرووپەکان دەکرێت بە گوێرەی پڕۆژەی وەزارەتی ئەمنی نیشتمانی، کە بەسەر هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرور و بەرپەرچدانەوەی خێرای سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دابەش دەکرێن".
ئەو سەرکردەی حەشدی شەعبی دەشڵێت: "لە دوو رۆژی داهاتوودا، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و کوردستان لەبارەی مەلەفی پێشمەرگە کۆدەبنەوە، رێکارەکانی دابەشکردنی هێزەکانی پێشمەرگە بچێتە سەر هێزەکانی وەڵامدانەوەی خێرا و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر".
بەختیار محەممەد، فەریق روکن و ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی فەرمی بە ئێمە نەگەیشتووە لەوبارەیەوە، ئەگەر بشکرێت دەبێت سەرەتا پەرلەمان و حکومەت ئاگاداربن لەڕێگەی ئەوانەوە تاوتوێی پێداچوونەوەی یاساکان بکرێت و کەسانی پسپۆڕ لە یاسا گفتوگۆیان لەگەڵ بکرێت، ئەم بابەتە بە یاسا دەکرێت نەوەک گفتوگۆ و دانیشتن."
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی: "وەزارەتی پێشمەرگە، هێزێکی فەرمی و شەرعییە و لەلایەن پەرلەمانی عێراقیشەوە دانی پێدا نراوە."
