رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی زۆریی رێژەی بارانبارینەوە، ئەمساڵ چاندنی برنجی کوردی لە سنووری پارێزگای دهۆک بۆ دوو هێندە زیادیکردووە و پێشبینی دەکرێت کۆی بەرهەمەکە بگاتە 50 هەزار تۆن؛ 80٪ـی رووبەری چاندنی ئەو برنجەش دەکەوێتە سنووری قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش بەهۆی بەرزیی کوالێتییەکەیەوە، خواستێکی زۆری لەسەرە و بەشێکی زۆری رەوانەی پارێزگای سلێمانی دەکرێت.
وەرزی دروێنەی برنجی کوردی لە ئاکرێ دەستیپێکردووە؛ دوای نزیکەی 6 مانگ لە خزمەتکردن، ئێستا چاوی جووتیاران لە دەراسەکانە بۆ کۆکردنەوەی بەرهەمی رەنج و ماندووبوونیان. مەحموود سورچی، جووتیارێکە کە 33 دۆنم زەویی لە گوندی حەسەنیێ بە برنج چاندووە، ئەو دەڵێت: «لە رووی بەرهەمەوە زۆر باشە و تامیشی زۆر خۆشە، بە زۆری خەڵکی سلێمانی ئەم جۆرە برنجە دەخۆن. ئێستا نۆرە لەسەر ئەم برنجەیە، تەنیا لە نیوەڕۆدا سێ بۆ چوار کەس تەلەفۆنم بۆ دەکەن بزانن برنجەکەم دروێنە کردووە یان نا. ئەمساڵ جۆری برنجی میسری بازاڕی لە هەموو جۆرەکان باشترە».
ئەمساڵ بەهۆی زۆریی رێژەی بارانبارینەوە، رووبەری چاندنی برنجی کوردی لە پارێزگای دهۆک دوو هێندە زیادیکردووە؛ ساڵی رابردوو 15 هەزار دۆنم چێنرابوو، بەڵام ئەمساڵ گەیشتووەتە 30 هەزار دۆنم، کە 80٪ـی ئەو رووبەرە دەکەوێتە سنووری قەزای ئاکرێ.
بازاڕی برنجی کوردی ئەمساڵ گەرمە و نرخەکانیش هاوشێوەی ساڵی رابردووە؛ کیلۆی برنجی شەش مانگی بە 3,500 دینارە، برنجی تەحالوف بە 2,500 دینار و برنجی سەدریش لە نێوان 4,500 بۆ 5,000 دیناردایە.
سەیفوڵڵا رەمەزان، بازرگانی برنجە و لەبارەی ساغکردنەوەی بەرهەمەکانەوە دەڵێت: «برنجی ئاکرێ بە پلە یەک بۆ سلێمانی دەڕوات، دواتر بۆ هەولێر و ساڵ بە ساڵ خواستێکی زیاتر لەسەر برنجی کوردیی ئاکرێ دروست دەبێت. بەرهەمەکە بۆ دەرەوەی وڵاتیش دەڕوات، بەڵام لەسەر خواستی جووتیار نییە».
بەپێی مەزەندەکان و ئامارە سەرەتاییەکان، پێشبینی دەکرێت بەرهەمی برنجی کوردیی ئەمساڵ لە پارێزگای دهۆک بگاتە 50 هەزار تۆن.



