رووداو – تەندروستی
بەپێی ئاماری نەخۆشخانەی فێرکاری شەهید د.خالید لە کۆیە، لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا، نەخۆشخانەکە توانیویەتی بە شەو و رۆژ خزمەتگوزاریی پزیشکی پێشکەش بە هاووڵاتییان بکات و 27815 چارەخواز سەردانیان کردووە.
د. رێبێن ئازاد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێرکاری شەهید د.خالید بە رووداوی راگەیاند، ئامێری پزیشکی بۆ بەشی قەستەرەی دڵ ئامادەکراوە بەڵام بەهۆی نەبوونی پسپۆڕ و کارمەندی پزیشکی ناتوانین بخەیینە خزمەت هاونیشتمانیان.
د. رێبێن ئازاد، دەڵێت "لەکۆتای ئەمساڵ بیانای سەنتەری گورچیلەی دەستکرد تەواو دەبێت، بەڵام پسپۆری نەخۆشییەکانی هەناو و گورچیلە لە نەخۆشخانەکە نییە کە خەڵکێکی زۆر بێبەشبوون لە چارەسەری نەخۆشییەکان، چونکە لە کاتی ئێستادا 32 چارەخوازمان هەیە کە پێویستیان بە شوشتنی گورچیلە هەیە، رۆژانە نزیکەی 15 چارەخواز شوشتنی گورچیلەیان بۆ ئەنجام دەدرێت، لەلایەن پسپۆری هەناو و نەشتەرگەری گورچیلە و میزەڕۆ بەڕێوەدەبرێن.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێرکاری شەهید د.خالید رایگەیاند، بۆ کردنەوەی بەشی منداڵە ناکامەکان، پێویستمان بە 12 پەرستار هەیە. هەروەها، بۆ بەشی چاودێری چڕ، پیویستمان بە لایەنی کەم 4 تەخت و 25 یاریدەدەری سرکەر هەیە بۆ کردنەوەی ئەو بەشە چونکە بەشێک لە ئامیرەکان بەردەستن.
د. رێبین ئاماژە دەدات، نەخۆشخانەی کۆیە توانای خزمەتکردنی زۆری هەیە کە نەخۆشێکی زۆر سەردانی دەکەن، بەڵام بەداخەوە لە نەخۆشخانەکە 9 پسپۆڕی وردی جیاواز نییە، ئەمەش بەهۆی جیاوازی کردن لە نێوان دەڤەرەکان لە کاتی دابەشکردنی پزیشکی پسپۆڕ، وەک ب.گ.ت.کۆیە هەوڵەکانمان بەردەوامە لە نەهێشتنی ئەم جیاوازی کردنە.



