رووداو دیجیتاڵ
ئیمارات سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان دەکات و بە "دوژمنکارانە" وەسفی دەکات.
رۆژی هەینی، 17ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئەم هێرشە پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی کۆماری عێراق و هەرێمی کوردستانە و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەزارەتی دەرەوە هاوسۆزیی تەواوی ئیماراتی بۆ عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و پاڵپشتیی خۆی بۆ هەر هەنگاوێک دووپات کردووەتەوە کە ببێتە هۆی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکە.
چەند رۆژێکە چەندین هێرش کراونەتە سەر سنووری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی. دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ 8 درۆن لە ئاسمانی پارێزگای هەولێر لەلایەن هاوپەیمانانەوە تێکشکێندراون.
سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "هێرشە بێ پاساوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەین و بەردەوامیی ئەم هێرشانە، سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە تێک دەدات."
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دەستپێکی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو ئەمڕۆ، هەرێمی کوردستان بە 904 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە. لە ئەنجامدا 30 شەهید و 138 بریندار هەن.
ژمارەی هێرشەکان بەگوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیە بوون:
پارێزگای هەولێر: 617 هێرش
پارێزگای سلێمانی: 254 هێرش
پارێزگای دهۆک: 31 هێرش
پارێزگای هەڵەبجە: 2 هێرش

