رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی بارینی باران و تەزرەی بەخوڕ لە سنووری شاری سەڵماسی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لافاو دروستبوو. منداڵێک و دوو پیاو گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون. لافاوەکە زیانێکی زۆری بە چوار گوندی ناوچەکە گەیاندووە و ئاو چووەتە نێو زیاتر لە 120 ماڵەوە.
بەپێی ئەو دیمەنە تایبەتانەی لە گوندە زیانلێکەوتووەکانی سەڵماسەوە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراون، ئەمڕۆ دانیشتووانی ئەو چوار گوندەی شەوی رابردوو کەوتنە بەر لافاوەکە، بە تراکتۆر و کەرەستەی بەردەستی خۆیان سەرقاڵی پاککردنەوەی خانوو و حەوشەکانیان بوون؛ هاوکات تیمەکانی فریاگوزاریش بۆ یارمەتیدانی خەڵکەکە لە ناوچەکەن.
لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێ، قوڕ و لیتەیەکی خەست تەواوی کۆڵان، بەر دەرگا و نێو خانووی هاونیشتمانییانی داپۆشیوە. هاوکات بەشێک لە درەختەکان شکاونەتەوە، پرد و رێگەی هاتووچۆی گوندەکان تێکچووە و ژیانی ئاسایی لەو گوندانە پەکیکەوتووە.
لافاوەکە زیانی بە گوندەکانی کانییان، شۆریک، مافیکەندی و شەکەریاز لە باکووری شاری سەڵماس گەیاندووە، بەڵام زۆرترین زیانی گیانی و مادی بەر گوندی کانیان کەوتووە.
لە ئەنجامی لافاوەکەی سەڵماس، کچێکی تەمەن 10 ساڵ و دوو پیاوی تەمەن 45 ساڵ و 73 ساڵ گیانیان لەدەستداوە کە هەرسێکیان خەڵکی گوندی کانیانن؛ هەروەها سێ کەسی دیکە بریندارن و 87 کەسیش کە کەوتبوونە بەر لافاوەکە، بە سەلامەتی رزگار کران.
شەپۆلی لافاوەکەی شەوی رابردوو تەنیا لە سەڵماس نەبوو، بەڵکو ناوچەکانی ماکۆ و خۆیشی گرتووەتەوە، بەڵام گەورەترین زیان لە سنووری سەڵماس تۆمارکراوە. جگە لە زیانە گیانییەکان، ئاو چووەتە نێو زیاتر لە 120 خانوو، دوو خانوو رووخاون و ژمارەیەک ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی نێوماڵی هاووڵاتییانیش ژێرئاو کەوتوون.
