رووداو دیجیتاڵ
10 کەس خۆیان بۆ پۆستی قایمقامی شنگال بەربژێر کردووە کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو دەست بە وردبینیی سیڤییەکانیان بکرێت. لیژنەیەکی پەرلەمانی عێراق بە فەرمی 10 تێبینی لەسەر کردنەوەی دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ ئەو پۆستە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا دەنێرێت.
پێنجشەممە 22ی تشرینی یەکەم دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی قایمقامی شنگال داخرا لەدوای پێنج رۆژ لە کردنەوەی.
محەممەد کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 10 کەس لە خەڵکی شنگال خۆیان بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کردووە و سیڤییەکانیان رادەستی ئەنجوومەنی پارێزگا کردووە.
لەدوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، قەزای شنگال قایمقامی هەمیشەیی نییە و بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێت، هەرچەندە بەگوێرەی رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال کە لە ساڵی 2020 لەنێوان هەولێر و بەغدا واژۆ کرا، دەبوو قایمقامێکی نوێ بۆ قەزاکە هەڵبژێردرێت.
محەممەد کاکەیی رایگەیاند، بڕیارە رۆژی یەکشەممەى داهاتوو (25ی تشرینی یەکەم) دەست بە وردبینیی سیڤیی بەربژێرەکان بکرێت و دواتر لە ئەنجوومەنی پارێزگا دەنگ لەسەر ئەوانە بدرێت کە مەرجەکانیان تێدایە.
حەوت مەرج دیاریکراوە بۆ بەربژێری پۆستی قایمقامی شنگال؛ لەوانە: تەمەنی لە 30 ساڵ زیاتر بێت، بەکالۆریۆسی هەبێت، سزا نەدرابێت بەپێی حەوت مادەی یاسای سزادانی عێراق، خەڵکی نەینەوا بێت یان 10 ساڵ بێت لەو پارێزگایە بێت بەو مەرجەی مانەوەی بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافی نەبووبێت، یاسای لێپرسینەوە و دادوەری نەیگرتبێتەوە، ئەندامی هێزە چەکدارەکان نەبێت و خزمەتی فەرمیی لە 10 ساڵ کەمتر نەبێت.
یەکی تەممووزی 2024، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گۆڕانکاری لە سەرۆکی 20 یەکەی کارگێڕیدا کرد، کە یەکێکیان قایمقامی شنگال بوو، بەڵام بەهۆی ناکۆکی سیاسیی لایەنەکان لەسەر گۆڕانکارییەکان، پارێزگاری نەینەوا فەرمانی دەستبەکاربوونی بۆ قایمقامی شنگال دەرنەکرد.
بەگوێرەی نووسراوێک کە دەست رووداو کەوتووە، لە 21ی تشرینی یەکەم ئەحمەد جبووری، سەرۆکی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق، 10 تێبینی لەبارەی کردنەوەی دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستى قایمقامى شنگال ئاڕاستەى ئەنجوومەنی پارێزگا ناردووە و تێیدا دەڵێت: "نابێت دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ ئەو پۆستە بکرێتەوە تاوەکو بەشێوەیەکی یاسایی لێکۆڵینەوە لە چۆڵبوونی پۆستەکە نەکرێت."
سەرۆکی لیژنەکە داوای کردووە کە سەرجەم رێکارەکانی پەیوەندیدار بە کردنەوەی دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی قایمقامی شنگال رابگیرێت تاوەکو بڕیارێکی یاسایی لەبارەیەوە دەرنەچوێنرێت کە بۆچی ئەو بەربژێرەی پێشوو پۆستەکەی وەرنەگرتووە سەرەڕای ئەوەی لە ئەنجوومەن دەنگی لەسەر درابووەوە.
بەگوێرەی نووسراوەکە، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان پێکهێنراوە لەسەر ئەو پۆستە و داوا کراوە کە سەرجەم بەڵگەنامە فەرمییەکانی پەیوەندیدار بەو پرسە رادەستى لیژنەکە بکرێن.
محەممەد کاکەیی رایگەیاند، ئەو نووسراوەی لیژنەکەی پەرلەمانی عێراق یەکێکی دیکەیە لەو پرسانەی کە دەبێت بەر لە دەستتێوەردان لەسەر پۆستی قایمقامی شنگال یەکلا بکرێتەوە.

