رووداو دیجیتاڵ
9 حیزب و لایەنی سیاسی لە رۆژئاوای کوردستان، بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و کەمپی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و داوای دانانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی دەکەن.
ئەو حیزب و لایەنە سیاسییانەی رۆژئاوای کوردستان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند: "ئەم پێشهاتە سەربازییە تەنیا پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو تاوانی جەنگە دژ بە مرۆڤایەتی و ئامانج لێی لەنێوبردنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردە."
ئەو حیزبانەی رۆژئاوای کوردستان کە راگەیێندراوەکەیان واژۆکردووە پێکهاتوون لە: حیزبی گۆڕانی دیموکراتی کوردستان، حیزبی برایەتیی کوردستان، حیزبی شیوعیی کوردستان، بزووتنەوەی نوێبوونەوەی کوردستان، حیزبی تێکۆشانی کوردستان، حیزبی یەکێتیی ئەرمەنی، حیزبی لیبراڵی کوردستان، حیزبی چەپی کوردی لە سووریا و حیزبی پارێزگارانی کوردستان.
ئەو حیزبانە داوا لە حکومەتی عێراق دەکەن بێدەنگی بشکێنێت و بەرپرسیارێتییە دەستوورییەکانی بۆ پاراستنی ئاسمان و سنوورەکانی جێبەجێ بکات.
هەروەها داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکەن کە سیستمی بەرگری دابین بکەن بۆ پاراستنی سڤیل و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشانە.
بەیانیی رۆژی هەینی 17ـی تەممووزی 2026، بە 7 درۆن هێرش کرایە سەر سێ ناوچەی جیاوازی سلێمانی، یەکێک لەو شوێنانەش زڕگوێز بوو، کە بەهۆیەوە نۆ پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران شەهید بوون و دوو پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.
رۆژێک دواتر سوپای پاسداران هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.

