رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمێکی تایبەت بە 12ـیەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکان و کۆمەڵکوژیی شنگالدا رایگەیاند، گەورەترین تاوان بەرامبەر خوشک و برا ئێزدییەکان کراوە و جەختیشیکردەوە، چاویان لەوەیە ئەنجامدەرانی تاوانەکە بەسزا بگەیێندرێن.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، سەرۆک بارزانی بەڵێنیدا تۆڵەی ئێزدییەکان لە داعش بکاتەوە و گوتی، "سەرۆک بارزانی بەڵێنی خۆی بردەسەر و شنگال ئازادکرا."
لەبارەی ئەو کەسانەی لەدەستی داعش رزگارکراون، مەسرور بارزانی ئاشکرایکرد، تاوەکو ئێستا 3 هەزار و 500 ئێزدی رزگارکراون و سوپاسی هاوپەیمانانیشی کرد بۆ پشتیوانیکردنیان لە ئێزدییەکان.
هەروەها دووپاتیکردەوە، "ئەوەی لە تواناماندا بووبێت بۆ ئێزدییەکانمان کردووە و بەردەوامدەبین لەوەی هەرچۆنێک هاریکاریی زیاتری ئێزدییەکان بکەین" گوتیشی، ئەوان تاوانی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکانیان بیرنەچووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەسرور بارزانی داوای لە حکومەتی فیدراڵ کرد رێککەوتنی شنگال جێبەجێبکات بۆ ئەوەی سەقامگیری و دۆخی ئاسایی بۆ شنگال بگەڕێتەوە. گوتیشی، "هیوامان ئەوەیە ئێزدییەکان بەسەربەرزی بگەڕێنینەوە زێدی خۆیان و هەموو هەوڵێک دەدەین رێگە لە گەڕانەوەی تیرۆر بگرین."
