لە ئەنجامی تەقینەوە گاز لە ویستگەیەکی گاز لە شاری سەحنە کەسێک گیانی لە دەستدا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ی ئابی 2026، هاونیشتمانیەک لە شاری سەحنەی سەر بە پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە رووداوی گوت:" نیوەڕوی ئەمڕۆ لە وێستگەیەکی دابەشکردنی گازی (sng) ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان سایپا لە کاتی تێکردنی گاز تەقییەوە."
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، بە هۆی تەقینەوەکە کەسێک گیانی لە دەستداوە و سێ کەسی دیکەش بە سەختی برینداربوو.
هاونیشتمانییەکە گوتیشی: "لە رووداوەکەدا ئۆتۆمبێلێک بە تەواوی سووتا و سێ ئۆتۆمبێلی دیکەش زیانیان بەرکەوتووە، زیانێکی زۆریش بەر وێستگەی دابەشکردنی گاز کەوتووە."
هاونیشتمانییەکە ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە شوێنی رووداوەکە ئامادەبوون و ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە.
ئەوە لە کاتێکدایە، غوڵامڕەزا شابازی، قایمقامی شاری سەحنە رایگەیاندووە، زیانێکی زۆر بەر وێستگەی دابەشکردنی گاز کەوتووە و ئەو کەسانەی بە هۆی تەقینەوەکە بریندار بوون دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە و گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
بەپێی دوایین ئاماری رێکخراوی فریاکەوتنی تەندروستیی ئێران، لە ماوەی 10 ساڵدا نزیکەی 1000 کەس لەو وڵاتە بەهۆی ژەهراویبوون و تەقینەوەی گاز گیانیان لەدەستداوە و 7 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.

