Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانسەرەکیهەواڵە ناوخۆییەکاندیاسپۆرا
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزی•مەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

کوردستان

خوێندکارێکی کورد لە رێگەی بۆتێکەوە دەنگی ساختە و راستەقینە لە یەکدی جیادەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

رووداو دیجیتاڵ

23-10-2026
گوێبگرە
0:00
0:00
قەبارەی دەق
رووداو دیجیتاڵ
رووداو دیجیتاڵ23-10-2026

بابەتی پەیوەندیدار

10 کەس خۆیان بۆ پۆستی قایمقامی شنگال بەربژێر کردووە
کوردستان23-10-2026

10 کەس خۆیان بۆ پۆستی قایمقامی شنگال بەربژێر کردووە

ژمارەی گیانلەدەستدان لە لافاوەکەی سەڵماس گەیشتە سێ کەس
کوردستان23-10-2026

ژمارەی گیانلەدەستدان لە لافاوەکەی سەڵماس گەیشتە سێ کەس

گەنجێکی کورد لە فێستیڤاڵێکی کورتەفیلمدا لە تاران خەڵات کرا
کوردستان23-10-2026

گەنجێکی کورد لە فێستیڤاڵێکی کورتەفیلمدا لە تاران خەڵات کرا

رووداو دیجیتاڵ

لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک تێزی ماستەرنامەیەک بە ناونیشانی (دۆزینەوە و جیاکردنەوەی دەنگی راستەقینە و دەنگی ساختەی دروستکراو بە ژیریی دەستکرد بە زمانی کوردیی سۆرانی) بە سەرکەوتوویی تاوتوێ کرا. 

ئەم تێزە بە سەرپەرشتیی دکتۆر مەروان محەممەد بووە و لەلایەن خوێندکار (هەرێم شێرە) پێشکێش کراوە. 

خوێندکارەکە داتاسێتێکی دروستکردووە کە 131 هەزار نموونەی زمانی کوردی لەخۆدەگرێت و لە چوار تاقیکردنەوەی جیاوازدا تاقیکراوەتەوە، لە هەندێکیان وردییەکەی 97 و 98٪ بووە و لە هەندێکیان بەتەواوی ئامانجەکەی پێکاوە و دەنگی ساختە و راستەقینەی جیاکردووەتەوە. 

ئامانجی داهاتوویان ئەوەیە داتاسێتەکە بکەنە بۆتێک بۆ ئەوەی بەتەواوی دەنگی راستەقینە و ساختەی زمانی کوردی لە یەکدی جیابکاتەوە.

دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ هەرێم شێرە

رووداو: کاک هەرێم، زۆر بەخێربێیت. پێم خۆشە باسێکی توێژینەوەکەمان بۆ بکەیت، چۆن بوو بڕیارت دا ئەم بابەتە هەڵبژێریت؟

هەرێم شێرە: زۆر سوپاستان دەکەم. لە راستیدا لە ساڵی رابردوو دا کاتێک ویستمان دەست بە بابەتی ماستەرنامەکە بکەین، لەگەڵ بەڕێز دکتۆر مەروان محەممەد کە سەرپەرشتیاری ماستەرنامەکەم بوو، تاوتوێی ئەوەمان کرد کە ئەمجارە جیاواز لە قوتابییەکانی دیکە، بێین کار لەسەر بابەتێک بکەین کە جگە لەوەی ببێتە سەرچاوەیەکی زانستی بۆ لێکۆڵینەوەکانی داهاتوو، خەڵکیش لێی سوودمەند بن. چونکە بەشێکی زۆری ئەو توێژینەوانەی لە زانکۆکاندا دەکرێن، تەنیا کەسانی ئەکادیمی سوودیان لێ دەبینن و ناگەنە نێو کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی حکومەت.

بۆیە لەبەرئەوەی کۆرسی ژیریی دەستکردمان وەرگرتبوو و دەبووایە توێژینەوەکەمان لەسەر دروستکردنی مۆدێلێکی AI بێت، بیرمان لەوە کردەوە کار لەسەر جیاکردنەوەی دەنگی ساختە (Fake) و دەنگی راستەقینە لە زمانی کوردی دا بکەین. 

لە ساڵانی رابردوودا ئەم مۆدێلە بۆ زمانەکانی ئینگلیزی، عەرەبی، چینی و ئەو زمانانەی کە پێیان دەوترێت (High-resource languages) دروست کرابوو، بەڵام لە زمانی کوردیدا (سۆرانی و کورمانجی) نەکرابوو. ئێمە بۆ یەکەمجار هاتین مۆدێلەکەمان دروست کرد و رامانهێنا لەسەر ئەوەی بتوانێت دەنگی ساختە و راستەقینە جیا بکاتەوە.

پێش ئەوەش، داتاسێتێکی کوردیمان دروست کرد کە نزیکەی 131 هەزار سامپڵی زمانی کوردی لەخۆدەگرت لە چەند سێگمێنتێکی جیاواز دا. ئێستا بەخۆشییەوە مۆدێلەکەمان ئامادەیە و لە چوار تاقیکردنەوەی جیاواز دا تێستمان کردووە؛ لە یەکێکیاندا وردییەکەی (Accuracy) گەیشتە 97٪، لە یەکێکی دیکە دا 98٪ و، لە هەندێک تاقیکردنەوەی دیکەشدا بە تەواوی لێکی جیاکردوونەتەوە. 

لە بەرنامەماندایە لە داهاتوویەکی نزیکدا مۆدێلەکە بە تەواوی بکەینە پلاتفۆرمێک یان رۆبۆتێک کە کار بکات. بەڵام دەمانەوێت پێش ئەوە هەندێک پێشکەوتنی دیکەی بخەینە سەر، چونکە دوێنێ لە کاتی تاوتوێکردندا، ئەندامانی لیژنەی زانستی چەند سەرنج و تێبینییەکی باشیان هەبوو بۆ ئەوەی کارەکە دەوڵەمەندتر بکرێت.

رووداو: ئێستا خەڵک چۆن دەستی پێیان بگات؟ ئایا ئاسانە لە رێگەی پلاتفۆرمێکەوە بەردەست بێت؟

هەرێم شێرە: بەڵێ دەکرێت، بەڵام ئەمە بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە. ئەگەر بمانەوێت بە شێوەیەکی کرداری بەکاری بهێنین، دەبێت داتابەیسەکە زۆر لەوە گەورەتر بکەین؛ بە نموونە 131 هەزار سامپڵی دیکە یان 200 هەزار سامپڵی دیکەی تێبکەین و راهێنانی پێبکەین تاوەکو مۆدێلەکە هەڵەکانی کەمتر ببنەوە و باوەڕپێکراوتر بێت.

رووداو: ئەم بابەتە ئێستا زۆر باسی دەکرێت، جیاکردنەوەی دەنگێکی ساختە لە راستەقینە کارێکی زەحمەتە. خەڵکی ئاسایی چۆن دەتوانن بەبێ ژیریی دەستکرد ئەو جیاوازییە بکەن؟ ئایا هیچ رێنماییەک هەیە؟

هەرێم شێرە: ئەمە کێشەیەکی زۆر گەورەیە، بەتایبەتی لە دادگەکانی هەرێمی کوردستان. بە نموونە کەناڵی (رووداو( سیستمی Text-to-Speechـی هەیە بە دەنگی کاک شاهۆ ئەمین؛ رۆژانە هەواڵەکان دەکرێنە دەنگ. دەکرێت کەسێک ئەو دەنگە ریکۆرد بکات و بیباتە دادگە و سکاڵا لەسەر کاک شاهۆ تۆمار بکات، لە کاتێکدا ئەو بە هیچ شێوەیەک ئەو قسانەی نەکردووە و سیستمەکە خوێندوویەتییەوە. لێرەدا تەنانەت لە بەڵگەی تاوانیش (ئەديلەی جینائی) هیچ تەکنەلۆجیایەک نییە کە لەڕووی زانستییەوە یەکلایی بکاتەوە ئەم دەنگە ساختەیە یان راستەقینە، مەگەر بە هاوکاریی مۆدێل و رۆبۆتی تایبەتی لەو شێوەیەی ئێمە دروستمان کردووە.

رووداو: باشە کاک هەرێم، جاری وایە لە کاتی گوێگرتن لەو دەنگانە، لە رێگەی خاڵبەندی (Punctuation) یان شێوازی هەناسەدانەوە هەست دەکرێت کە دەنگەکە دەستکردە، ئایا بەم شێوازە دەناسرێتەوە؟

هەرێم شێرە: ئەوەی لە تێکستەوە دەکرێتە دەنگ، بەڵێ رەنگە لە خاڵبەندی کێشەی هەبێت، بەڵام ئەگەر دەنگ بۆ دەنگ بگۆڕدرێت (Voice-to-Voice)، لەو کاتەدا تەنانەت دەنگی هەناسەدانیش وەک خۆی کۆپی دەکرێت و بە گوێی ئاسایی هەرگیز جیا ناکرێتەوە. بۆیە پێویستمان بەم جۆرە تەکنەلۆجیایانەیە. لە هەرێمی کوردستاندا لەڕووی ژیریی دەستکردەوە هێشتا وەک پێویست هەست بە مەترسییەکان نەکراوە. لە ساڵانی داهاتوودا ئەم تەکنەلۆجیایە زۆر فراوانتر دێتە ناو ژیانی خەڵکەوە، بۆیە پێویستە لە زانکۆکان و ناوەندەکاندا کاری زۆرتری لەسەر بکرێت و داتاسێتی زیاتری بۆ دروست بکرێت.

 

بابەتی پەیوەندیدار

10 کەس خۆیان بۆ پۆستی قایمقامی شنگال بەربژێر کردووە
کوردستان23-10-2026

10 کەس خۆیان بۆ پۆستی قایمقامی شنگال بەربژێر کردووە

ژمارەی گیانلەدەستدان لە لافاوەکەی سەڵماس گەیشتە سێ کەس
کوردستان23-10-2026

ژمارەی گیانلەدەستدان لە لافاوەکەی سەڵماس گەیشتە سێ کەس

گەنجێکی کورد لە فێستیڤاڵێکی کورتەفیلمدا لە تاران خەڵات کرا
کوردستان23-10-2026

گەنجێکی کورد لە فێستیڤاڵێکی کورتەفیلمدا لە تاران خەڵات کرا

پێشنیازەکان

ئەمەنەش ببینە